Accessibility links

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بەندینخانەیەک لە شاری خوارێزی مەکسیک لانیکەم 14 کەس کوژران


خوارێز، مەکسیک
خوارێز، مەکسیک

بەرپرسانی مەکسیک دەڵێن لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بەندینخانەیەک لە شاری خوارێزی سنووری باکووری وڵاتەکە لانیکەم 14 کەس کوژراون، دوو کەسی تریش لە هێرشێکی دیکەدا لە شوێنێکی تری شارەکەدا کوژراون.

داواکاری گشتی ویلایەتی چیهواهوا وتی لە نێو ئەوانەدا کە لە هێرشەکەدا بۆ سەر بەندینخانەکە کوژراون 10 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و چوار بەندکراوییان تێدا بووە، هاوکات 13 کەسی دیکە بریندار بوون و لانیکەم 24 کەس هەڵاتوون.

هێشتا نەزاندراوە کێ بەرپرس بووە لەو هێرشە.

وتیشی بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هێرشبەرەکان کاتژمێر 7 ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ بە ئوتومبێلی زریپۆشەوە گەیشتوونەتە بەندینخانەکە و دەستیان کردووە بە تەقەکردن.

چەند خولەکێک دواتر، بەرپرسان ئاماژەیان بە هێرشێکی دیکە داوە لەو نزیکانە دژی پۆلیسی شارەوانی، دوابەدوای شوێنکەوتنیان، چوار کەس دەستگیرکران و ئوتومبێلەکەشیان دەستیبەسەرداگیرا.

لە شوێنێکی دیکەی شارەکەدا، دوو شۆفێری دیکە کوژران، پۆلیس دەڵێت بەهۆی دوژمنکارییەکی چەکدارییەوە بووە.

داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئەو سێ ڕووداوە پەیوەندییان بە یەکترەوە هەبووە یاخود نا.

لە مانگی هەشتدا سەدان سەربازی مەکسیکی ڕەوانەی خوارێز کران، ئەوەش دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نێوان ئەندامانی دوو کارتێڵی ڕکابەر لە بەندینخانەکەدا کە بووە هۆی کەوتنەوەی پشێوی و تەقەکردن و لە ئەنجامدا 11 کەس کوژران، زۆربەیان هاوڵاتیانی مەدەنی بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG