Accessibility links

بە چەقۆ هێرش دەکرێتە سەر گەشتیاران لە ئوردن و 4 بیانی برینداردەبن


لە ئەنجامی هێرشی کەسێک بە چەقۆ لە ناوچەیەکی گەشتیاری ئوردن 8 کەس برینداربوون کە چواریان گەشتیاری بیانین.

هێرشەکە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناوچەی جەرەش بووە کە نزیکەی 51 کیلۆمەتر لە باکوری عەممانی پایتەختەوە دورە.

سەعد جابر وەزیری تەندروستی ئوردن گوتی لە ئەنجامی هێرشەکە هەشت کەس برینداربوون، 4 ئوردنی و 4 گەشتیار کە سێیان مەکسیکین و یەکێکیان سویسریـیە.

زوهێر زرێقات کە ئوردنیـیەکە و لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەشتیاری ئوردن کاردەکات، لە شوێنی ڕووداوەکە بووە، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت" پـێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ نزیکەی 100 گەشتیاری بیانی بووین لە شوێنەوارە مێژوویـیەکانی جەرەش. لە ناکاو گەنجێکی ڕیشنی جل ڕەش کە تەمەنی لە بیستەکاندابوو بە چەقۆیەکی زل دەرکەوت و کەوتە لێدانی گەشتیارەکان."

گوتیشی لەگەڵ 3 هاوکاری دیکەی لەگەڵ 3 گەشتیار توانیویانە چەقۆکە لە هێرشبەرەکە بسێنن و پاشان دەستگیربکرێت.

بەڵام عامر ئەلسرتاوی گوتەبێژی ئاسایشی گشتی ئوردن گوتی لە کاتی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکە کارمەندی کۆمپانیایەکی گەشتیاری و ئەندامێکی ئاسایش برینداربوون.

وەزیری تەندروستی ئوردن لەگەڵ باڵیۆزی مەکسیک سەردانی نەخۆشخانەکەی کرد، لەوێ بە ڕۆژنامەوانانی گوت ژنە گەشتیارێکی مەکسیکی برینەکەی مەترسیدارە و هەروەها کارمەندی کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە سکی دراوە بە هەلیکۆپتەر بەرەو شاری پـزیشکی لە عەممان گواستراونەتەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ساڵی 2016 هێرشێکی تێرۆرستی کرایە سەر گەشتیاران لە ئوردن و بەهۆیەوە 10 کەس کوژران کە یەکێکیان ژنە گەشتیارێکی کەنەدی بوو. داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

ئوردن زۆر گرنگی بە کەرتی گەشتیاری دەدات کە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ داهاتی وڵاتەکەی کە 92% ی خاکەکەی بیابانە. ساڵانە نزیکەی 5 ملیۆن گەشتیار سەردانی ئوردن دەکەن. بەپـێی وەزارەتی گەشتیاری ئوردن ساڵی ڕابردوو نزیکەی 5 ملیار دۆلار داهاتی وڵاتەکە بووە لە ڕێگەی گەشتیاریـیەوە.

XS
SM
MD
LG