Accessibility links

لە هێرشێـکدا بۆ سەر بنکەیەکی لەشکری ئوردن 6 کەس دەکوژرێن


سەرچاوەیەکی بەرپـرس لە فەرماندەیەتی گشتی لەشکری ئوردن دەڵێت بەهۆی هێرشێـکی تێرۆرستی لەسەر سنووری باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە 6 کەس لە هێزەکانیان کوژراون و 14 کەسی دیکەیان برینداربوون.

سەرچاوەکە لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەی ڕوقبان بە بنکەیەکیان تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا 4 پاسەوانی سنوور و ئەندامێـکی بەرگری سیڤیلی و ئەندامێـکی ئاسایشی گشتی گیانیان لەدەسـتداوە. بریندارەکانیش 9 کەسیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشن و 5 کەسەکەی دیکەیان لە هێزەکانی لەشکرن.

جێی ئاماژەیە ناوچەی ڕوقبان دەکەوێتە نزیک بە یەک‌گەیشتنەوەی سنوورەکانی ئوردن و سوریا و عێراق و هەروەها چەند سەد مەترێـک لە کەمپـێـکی پەنابەرانی سوریـیەوە دورە.

هێشتا ڕوو نیـیە ئایا ئەم هێرشە کاریگەری دەبێت بۆ سەر گەیاندنی خۆراک و ئاو و پـێداویستیـیەکانی دیکە بۆ کەمپەکە یان نا.

خانم ئاریان ڕۆمـمێری گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەیەوە لە جنێڤ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت هێرشەکە لە دوری چەند کیلۆمەترێـک لە کەمپەکەوە ڕوویداوە، بۆیە جێـگەی نیگەرانیـیە و هەروەها نیشانی دەدات کارەکانی گەیاندنی کۆمەک بۆ ئەو کەمپە دوردەستە چەندە قورسە.

XS
SM
MD
LG