Accessibility links

ئوردن دەڵێت چاوەڕوانی وەڵامی دیمەشقە تاوەکو یارمەتیـیە مرۆیـیەکان لە وڵاتەکەیەوە ڕەوانەی باشوری سوریا بکرێن


وەزیری دەرەوەی ئوردن دەڵێت بە دەیان ئۆتۆمبیلی باری پـڕ لە یارمەتی مرۆیی لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکەی و سوریا وەستاون لە چاوەڕوانی ڕەزامەندی دیمەشق تاوەکو بەرەو ناو سوریا بەڕێبکەون.

ئەیمەن ئەلسەفەدی ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسیایـیەکەی لە مۆسکۆ ئەمەی ڕاگەیاند و نیگەرانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر دۆخی ئاسایشی باشوری سوریا دەربڕی و گوتی پـێویستە شەڕ ڕابگیرێت و هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بنرێت. گوتیشی حکومەتی وڵاتەکەی هەرچی لە توانایدابێت دەیکات بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارە سوریـیانەی ڕوویان لە وڵاتەکەی کردووە.

لاڤرۆڤ لای خۆیەوە گوتی دەبێت وڵاتانی پەیوەندیدار بە مەسەلەی سوریا بەبێ مەرجی سیاسی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان بۆ سوریا پـێشکەش بکەن. پاشان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکانی باشوری سوریای بە تێرۆرست ناودێرکرد و گوتی نزیکەی 40% ی ئەو ناوچەیەیان لە ژێر دەستدایە.

لە لایەکی دیکە سەرچاوەیەکی ئۆپـۆزسیۆن لە شاری دەرعای باشوری سوریا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ڕووسیا ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە دوایـین مۆڵەتە وەڵامی خۆیان بدەنەوە، لەوانە قایل بن هێزەکانی حکومەت بۆ ناوچەکانیان بگەڕێننەوە، ئەگەر نا ئەوا هێرشەکانی حکومەت دەسـتپـێدەکەنەوە کە چەند ڕۆژێکە بۆ دانوستاندنەکان ڕاگیراون.

XS
SM
MD
LG