Accessibility links

ئەردەن و سوریا ڕۆژی دووشەممە کردنەوەی سنووری نێوانیان ڕادەگەیەنن


خاڵی سنووری نەسیب
خاڵی سنووری نەسیب

سوریا و ئەردەن ڕایانگەیاند ڕۆژی دووشەممە خاڵی سنووری نێوانیان بە فەڕمی دەکرێتەوە دوای ئەوەی سێ ساڵە داخراوە، بەڵام جموجۆڵەکان بەخێرایی ڕێک نابنەوە.

هاوکات دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی سوریا بڵاویکردەوە وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەیدا گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بەوەی پەلە بکەن لە هەوڵەکاندا بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکانی نێوانیان.

جێی ئاماژەیە حکومەتی سوریا ناوچەکانی دەوروبەری خاڵی سنووری نەسیبی کۆنتڕۆڵکردەوە لە هێرشێکدا کە چەند هەفتەیەکی خایاند بە پشتیوانی ڕوسیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیان لەو ناوچانە دەرکرد.

داخستنی خاڵی سنووری نەسیب لەگەڵ ئەردەندا لە ساڵی 2015 دا بووە هۆی وەستاندنی جموجۆڵی بازرگانی بەو خاڵە سنوورییەدا، ڕۆژانە سەدان بارهەڵگر هاتوچۆیان دەکرد پیایدا بۆ تورکیا و کەنداو و لوبنان، داهاتی ساڵانەی خاڵە سنوورییەکە دەگەیشتە ملیاران دۆلار.

لەنزیک سنووری سوریا لەگەڵ عێراقدا، سوپای ئەمەریکا ڕێگای سەرەکی نێوان بەغداد دیمەشقی داخست بەڵام خاڵێکی سنووری بچوکتر هەیە لە ئەلبوکەمال لە ڕۆژهەڵاتەوە. بەڵام ئەم خاڵە سنوورییە کە ئێستا کراوەیە تەنها بۆ هۆکاری سەربازیی و حکومی بەکاردەهێنرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری لە سەردانێکی سێ ڕۆژیدا گەیشتە سوریا. دەزگای هەواڵی سوریا سانا ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی سوریا وەلید موعەلیم لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی لە دیمەشق باسیان لە پێویستی پەلە کردن کردۆتەوە لە دووبارە کردەوەی خاڵە سنوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG