Accessibility links

ئوردن خاڵێکی سنووریی سەرەکی لەگەڵ سوریادا دەکاتەوە


ئوردن خاڵێکی سنووریی سەرەکی لەگەڵ سوریادا بەتەواوەتی کردەوە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ بوژاندنەوەی ئابووری هەردوو وڵات.

سوریا وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بەرپرس دادەنێت لە خراپبوونی ئابووری وڵاتەکە، هەروەها هیوادارە پەیوەندییەکی بازرگانی فراوانتر لەگەڵ دراوسێکانیدا لە باشوورەوە ببێتە هۆی دووبارە زیندووبوونەوەی ئابوورییەکەی کە بەهۆی جەنگەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئوردن مەها ئەل عەلی بە کەناڵی ئەل مەملەکەی وت " مەبەست لەم تێگەیشتنانە زیادکردنی بازرگانی نێوان دوو وڵاتەکەیە تاوەکو هەردوولا بەرژەوەندییەکانیان بەدەست بهێنن."

بەرپرسانی ئوردنی هاوپەیمانی نزیکی ئەمەریکا و لوبنان داوایان لە واشنتن کردووە سزاکانی سەر سوریا کەمتر بکاتەوە تاوەکو ببێتە کارئاسانی بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

لەم مانگەدا ئوردن و لوبنان و سوریا و میسڕ ڕێکەوتنێکیان واژۆکرد و تیایدا بەپێی ڕێکەوتنەکە گازی سروشتی میسڕ لەڕێی سوریاوە ڕەوانەی لوبنان دەکرێت، ئەوەش بە بەکارهێنانی بۆرییەک کە نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی جەنگی ناوخۆی سوریادا وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریادا بڕی.

هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەمەریکا، قەتەڕ و سعودیە و ئیماڕات پشتیوانیان لەو گروپە چەکدارییانە دەکرد کە دژی ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەجەنگان، بەڵام حکومەتی سوریا لەلایەن ڕوسیا و ئێرانەوە پشتیوانی لێکرا.

لە ساڵی 2018 دا دوای ئەوەی حکومەتی سوریا ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵکردەوە، خاڵی سنووری جەبیر دووبارە کرایەوە ، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەرکە بازرگانیەکان تیایدا نەگەیشتۆتەوە ئاستەکەی پێش جەنگ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG