Accessibility links

ئوردن دەڵێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەرداری پەنابەرانی سوریایی بووە

وەزیری دەرەوەی ئوردن ڕۆژی دووشەممە وتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەرداری پەنابەرانی سوریایی بووە لە کاتێکدا کە پشتیوانییە داراییەکان لێیان لەو وڵاتانەدا کە میوانداری پەنابەرانی سوریاییان کردووە کەم بووەتەوە، ئەمەش پێش کۆنفرانسێک بە ڕابەرایەتی یەکێتی ئەوروپا بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ پەنابەرانی سوریایی کە بەهۆی جەنگە 13 ساڵەکەی ناو سوریاوە ئاوارە بوون.

دیپلۆماتکاران دەڵێن کۆنفرانسەکەی یەکێتی ئەوروپا ئامانجی ئەوەیە جەنگەکە و پشتیوانیکردن لە ملیۆنان پەنابەران لە ئەجێندادا بن، بەڵام لە کاتێکدا کە بارە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکەی سەر وڵاتانی دراوسێ قورستر بووە، یەکێتییەکە دابەش بووە و ناتوانێت چارەسەر بدۆزێتەوە.

سوریا بووەتە قەیرانێکی لەبیرکراو و کەس نایەوێت بیهەژێنێت، ئەمەش لە نێوەندی جەنگەکەی ئیسڕائیلدا لە غەززە و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لەسەر چالاکییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی لە کاتی گەیشتنیدا بۆ بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە ئوردنەوە پەیامێکی زۆر ڕوون دەنێرین وەکو وڵاتێکی میواندار کە هەست دەکەین پەنابەران جێهێڵدراون و وڵاتانی مێوانداریان فەرامۆش کراون."

سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کۆنتڕۆڵی زۆربەی خاکەکەی سوریای کردووەتەوە لە جەنگێکدا کە لە ساڵی 2011 دا بە ڕاپەڕینێکی دژ بە ئەو دەستیپێکرد، هێشتا زیاتر لە 5 ملیۆن پەنابەری سوریایی کە زۆربەیان لە لوبنان و تورکیا و ئوردنن و ملیۆنان کەسیش لە ناوخۆی سوریادا ئاوارەبوون، ئەگەرێکی کەم هەیە بتوانن لە داهاتوودا بگەڕێنەوە بۆ سوریا.

پشتیوانییە داراییەکان بۆ پەنابەرانی سوریایی کەم بوونەتەوە چونکە ڕێکخراوەکانی وەکو بەرنامەی خۆراکی جیهان یارمەتییەکانی کەم دەکاتەوە. وڵاتانیش دەڵێن میوانداریکردنی پەنابەران بارێکی زۆر قورسە، بە تایبەتی لە لوبنان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی توند بووەتەوە.

ئوردن میوانداری نزیکەی 1 ملیۆن پەنابەری سوریایی کردووە. سەفەدی وتی " کێشەکە تەنها بەوە چارەسەر دەبێت کە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. لەبەرئەوە دەبێت سەنگ بخەینە سەر دروستکردنی هەلومەرجێکی لە بار بۆیان تاوەکو ئەوان خۆیان خۆبەخشانە بگەڕێنەوە."

وەزیرانی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و ڕێکخراوە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی هەشتەمین خولی کۆنفرانسی سوریا دەبن، دیبلۆماتکاران دەڵێن لەسەروو بەڵێنە بەتاڵەکان و بەڵێنەکانی دیکەوە بۆ دابینکردنی پشتیوانی داراییی، ئاماژەیەکی کەم هەن لەسەر ئەوەی یەکێتی ئەوروپا لەو بارەیەوە پێشەنگ بێت.

کۆنفرانسەکە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا لە 6-9 ی مانگی شەشدا بەڕێوەدەچن، پرسی کۆچیش پرسێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە نێو 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتییەکەدا. پێشبینی دەکرێت پارتە ڕاستڕەوەکان و پۆپیولیستەکان ئەنجامێکی باشییان هەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا، هەستێکی کەمیش هەیە بۆ زیادکردنی پشتیوانییەکان بۆ پەنابەران.

زیادبوونی گەیشتنی بەلەمەکانی کۆچبەران لە لوبنانەوە بۆ ئەوروپا، لە کاتێکدا کە قوبرس و ئیتاڵیا ئاڕاستەی سەرەکی کۆچبەرانن، هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکەی ناچار کردووە هۆشداری بدەن لەسەر لێشاوێکی نوێی گەورەی کۆچبەران بۆ ناو یەکێتییەکە.

سەفەدی وتی " بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی هەرچییەک کە لە تواناماندا بێت. بەڵام ئەگەر یارمەتی نەدرێین، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شانی بەرپرسیارێتی لێ هەڵنەکات، ئەوا کەمبوونەوە دەبێت لە خزمەتگوزارییەکاندا و ئازار و ناڵەی پەنابەران زیاتر دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG