کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی شانەشینی ئوردن ڕایگەیاند گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی عەممانی پایتەختەوە بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی لە سەرەتای مانگی داهاتووە دەسـتپـێدەکاتەوە.
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس گوتی لە 1 ی مانگی چوارەوە گەشتەکانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەکە دەسـتپـێدەکاتەوە و نرخی بلیتێک بۆ هەردووسەر بە 395 دۆلار دەبێت.
باسی لەوەش کردووە لە ئەمڕۆ هەینیـیەوە و هەتا کۆتایی ئەم مانگی سێـیە، گەشتیاران دەتوانن بلیت بۆ گەشتەکانی 1 ی مانگی چوار هەتا 8 ی مانگی شەش ببڕن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە هەفتانە 10 گەشتیان بۆ هەولێر و 4 گەشتیان بۆ سلێمانی دەبێت.