Accessibility links

شای ئوردن بەرەو ئەمەریکا بەڕێدەکەوێت


شا عەبدوڵای دووەم
شا عەبدوڵای دووەم

کۆشکی پاشایەتی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا وتی شا عەبدوڵای دووەم بەرەو ئەمەریکا ڕۆیشتووە، ئەمەش لە سەردانێکدا کە سێ هەفتە دەخایەنێت.

لەدوای دەستبەکاربوونیەوە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمە یەکەمین جارە جۆو بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ ڕابەری وڵاتێکی عەرەبیدا کۆببێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە شای ئوردن کە شاژنە ڕانیای هاوسەریشی لەگەڵدایە ئامادەی کۆبوونەوەیەکی وەبەرهێنەرەکان دەبێت، دواتر سەردانێکی تایبەت دەکات و دوای ئەوەش بەرەو واشنتن بەڕێدەکەوێت و لەوێ لەگەڵ ڕابەرانی کۆنگرێس و بەرپرسانی ئەمەریکیدا کۆدەبێتەوە.

بەرپرسێک وتی کۆبوونەوەکەی نێوان شا عەبدوڵا و سەرۆک بایدن لە ناوەڕاستی مانگی حەوتدا دەبێت.

وتیشی ئوردن کە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمەریکایە، هەوڵی ئەوە دەدات پشتیوانیەکی زیاتری لێبکرێت لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکاوە بۆ درێژکردنەوەی یارمەتیەکان کە بڕەکەی 6.4 ملیار دۆلارە و بۆ ماوەی پێنج ساڵە و ساڵی داهاتوو بەسەردەچێت، ئەوەش وەکو یارمەتیەک بۆ ئابووری ئوردن کە لە بارودۆخێکی خراپدایە.

دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا دەڵێن ئەمەریکا گەورەترین تاکە سەرچاوەی یارمەتیەکانە بۆ ئوردن، ساڵانە زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلاری دەداتێ.

جێی ئاماژەیە ئوردن یەکێکە لە گرنگترین ئەو وڵاتانەی کە یارمەتیە دەرەکییەکانی ئەمەریکا وەردەگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG