Accessibility links

ئەردەن دەڵێت ئیسڕائیل ئارەزووی وتوێژکردن دەکات سەبارەت بە دوو ناوچەی سنووریی


وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی
وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی

ئەردەن وتی ئیسڕائیل داوای کردووە وتوێژ بکەن سەبارەت بە مولحەقی غەمر و باقورە کە لەنێو پەیماننامەی ئاشتیدا هەن، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی ئەردەن ڕایگەیاند دوای کۆتایی هاتنی وادەی یاساییان کە مانگی 10 ی ساڵی داهاتوو دەکات چیتر کار بە ڕێکەوتنەکە ناکەن.

ئەردەن دوو هەفتە لەمەوبەر بە فەڕمی بە ئیسڕائیلی ڕاگەیاند ڕێکەوتنەکە نوێ ناکاتەوە کە 25 ساڵ لەمەوبەر واژۆ کراوە سەبارەت بە باقورە، لە باقورە ڕووباری یەرموک بە ئاڕاستەی ئەردەندا دەڕوات، هەروەها بۆ ناوچەی غەمریش کە دەکەوێتە بیابانەوە بە هەمان شێوە ڕێکەوتنەکە نوێ ناکاتەوە، کە لەوێ ئیسڕائیل کێڵگەی گەورەی هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی وتی دوای بڕیارەکە جاوەڕێی ئیسڕائیل دەکەن بەندێکی پەیماننامەکە چالاک بکات کە تیایدا پێش ماوەی کۆتایی تەواو بوونی ڕێکەوتنەکە دەکرێت دووبارە وتوێژ لەسەر ڕێکەوتنەکە بکرێتەوە.

دەزگای هەواڵی بەترای ئەردەنی لە زاری وتەبێژی حکومەتی ئەردەن جەمانە غەنیماتەوە بڵاویکردەوە ئەردەن داوایەکی فەڕمی پێگەیشتووە لەلایەن ئیسڕائیلەوە سەبارەت بە دەستپێکردنی وتوێژەکان لەبارەی غەمر و باقورەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کەی وتوێژەکان دەست پێدەکەن.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو دانی بە هەنگاوەکەی ئەردەندا نا و وتی وڵاتەکەی هەوڵدەدات وتوێژ لەگەڵ ئەردەندا بکات سەبارەت بەوەی کە ئایا دەکرێت ڕێکەوتنەکە درێژ بکرێتەوە یان نا.

بەپێی پەیماننامەکە ئەو دوو ناوچەیە بە خاکی ئەردەن هەژمار دەکرێن بەڵام هەندێک بەندی تایبەتی تێدایە کە هەندێک شوێنی دراون بە ئیسڕائیل تاوەکو بەکاریان بهێنێت، هەروەها تیایدا هاتووە دەبێت ڕێز لەو موڵکە تایبەتەی ئیسڕائیلیش بگیردرێت کە لە باقورە هەیەتی.

پەیماننامەکە لە ساڵی 1994 دا واژۆ کراوە و ئەو دوو ناوچەیە موڵکی ئەردەنن. پاشای ئەردەن جەختی لەوە کردەوە کە ئەو خاکانە سەر بە ئەردەنن و هەرواش دەمێننەوە و ئەو بڕیارەش لە بەرژەوەندیی نیشتیمانی دراوە لە کاتێکدا کە گرژی لە ناوچەکەدا هەبووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG