Accessibility links

دادگایەکی ئوردن بڕیاری سزادانی 7 تاوانباری داعش دەدات


دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئوردن ئەمڕۆ دووشەممە حوکمی حەوت کەسی سەر بە داعشی داوە. یەک لەوانە تاوانبارێک کە هێشتا دەسـتگیر نەکراوە سزاکەی لەسێدارەدان دەبێت، بەهۆی ئەنجامدانی کاری تێرۆرستی لە ناو وڵاتەکە لە ساڵی 2016 .

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس هەواڵەکەی ڕایگەیاند، دەڵێت دادگا بڕیاریشی داوە پـێنج لەو تاوانبارنە هەریەکەیان 15 ساڵ زیندانی بکرێن و لەگەڵیدا کاری قورس ئەنجام بدەن. تاوانبارەکەی دیکەش 10 ساڵ زیندانی و کاری قورسی پـێبکرێت.

دادگاکە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تێرۆرستی و دروستکردنی ماددەی سووتێنەر و هەوڵی پەیوەندیکردن بە کۆمەڵێکی تێرۆرستی کە داعشە ئاڕاستەی تاوانبارەکان کرد.

بەپـێی لێکۆڵینەوەکان ئەم حەوت تاوانبارانە تەمەنیان لە بیستەکان و سیـیەکاندایە و هاوسۆزی داعش بوون و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانەوە بانگەشەیان بۆ کردووە، وە هەموویان یەکتریان ناسیوە و بەردەوام لە ماڵی تاوانباری یەکەم کۆبوونەتەوە.

جێی ئاماژەیە دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئوردن هەفتانە تاووتوێی چەند کەیسێکی پەیوست بە تێرۆر دەکات و زۆربەیان پەیوەندیـیان بە داعش و بەرەی نوسرەوە هەیە.

XS
SM
MD
LG