Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی ئوردن: موخابەراتی وڵاتەکە توانیویەتی چەند پـلانێکی تێرۆرستی پـوچەڵبکاتەوە


ڕۆژنامەیەکی نیمچە فەرمی ئوردن دەڵێت سێ مانگ لەمەوبەر دەزگای زانیاری وڵاتەکەیان توانیویەتی چەند پـلانێکی تێرۆرستی پـوچەڵبکاتەوە کە بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە داعش نەخشەیان بۆ دانرابوو لە لایەن گروپـێکەوە.

ڕۆژنامەی " الرأي" ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی شانەیەکی تێرۆرستی کە لە 17 کەس پـێکهاتبوو و تەمەنیان لە نێوان 21 بۆ 46 ساڵە، لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەزگای موخابەراتەوە ئاشکراکران و هەموو پـلانە تێرۆرستیـیەکانیان پـوچەڵکرانەوە.

ڕۆژنامەکە دەڵێت شانەکە ئەندامەکانی بەسەر سێ گروپدا دابەشکردبوو، گروپی یەکەم بەرپـرسبووە لە دەسـتنیشانکردنی ئامانجەکان، گروپی دووەم هەستاوە بە دابینکردنی پـێداویستی تەکنیکی بۆ پـلانە تێرۆرستیـیە بچوکەکان، گروپی سێـیەم دانرابوو بۆ جێبەجێکردنی هێرشە خۆکوژیـیەکان و هەوڵە تێرۆرسـتیـیە گەورەکان.

هەروەها نووسیویەتی ئەم گروپە سەرەتای ساڵی 2016 لە لایەن ئەندامێکیـەوە دامەزرابوو بە مەبەستی پشـتیوانیکردن لە داعش، پاشان ژمارەی ئەندامەکانی گەیشتبووە 17 کەس و توانیویانە چەک و تەقەمەنی پەیدابکەن.

هەرچەندە ڕۆژنامەکە سەرچاوەی ئەم زانیاریانەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام زانیاری وردی لەسەر شانەکە بڵاوکردووەتەوە. نووسیویەتی لە نێو ئامانجەکانیان چەند شوێنێکی بیانی هەبووە، لەوانە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عەممان و سەنتەرێکی فەڕەنسی و ژمارەیەک کارداری ئیسرائیلی کە هاتوچۆی کارگەیەکی جلوبەرگیان دەکرد. هەروەها بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر شوێنی سیڤیلی، لەوانە کڵێسایەک و کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕوئیا و یانەیەکی شەوانە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کاربەدەسـتێکی ئوردن بە فەرمی لەم بارەیەوە لێدوانی نەداوە.

XS
SM
MD
LG