ئوردن دەڵێت پـلانێکی تێرۆرستی گەورەی پوچەڵکردووەتەوە کە لە لایەن گروپـێکی سەر بە داعشەوە دانرابوو بۆ دزین و پاشان هێرشکردنە سەر شوێنی ئاسایشی و لەشکری و سیڤیلی لە وڵاتەکەدا.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئوردن لەسەر ماڵپەڕی خۆی نووسیویەتی دەزگای زانیاری وڵاتەکەیان پـیلانەکەی ئاشکراکردووە و لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە17 گومانبار دەستگیرکراون بە چەک و کەرەستەوە کە بە نیازبوون لە هێرشەکاندا بەکاریان بهێنن.
گومانبارەکان بەرنامەیان دانابوو لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو پـلانەکەیان جێبەجێ بکەن، ئەویش بڕینی چەند بانکێک لە هەردوو شاری ڕەسیفە و زەرقا و هەروەها دزینی چەند ئۆتۆمبیلێک و فرۆشتنیان، تاوەکو بتوانن بەو پارانە چەک و کەرەستەی دروستکردنی بۆمب بکڕن و لە هێرشەکانیان بەکاریان بهێنن.
بەپـێی لێکۆڵینەوەکان ئەم گروپەی سەر بە داعش بەنیازبوون شوێنی ئاسایشی و لەشکری و بازاڕ و دەزگای ڕاگەیاندن و پـیاوانی ئاینی میانڕەو بکەنە ئامانج.
داواکاری گشتی ئوردن کۆمەڵێک تۆمەتی ئاڕاستەی گومانبارەکان کردووە، لەوانە پـیلانگێڕی بۆ کاری تێرۆرستی و پـرۆپاگەندە بۆ گروپی تێرۆرستی. دەشڵێن کەی لێکۆڵینەوەکان تەواوبوون ڕەوانەی داگای ئاسایشی دەوڵەت دەکرێن.