دادگایەکی ئوردن بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ کەسێکی سوری دەرکرد کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە نەخشەداڕشتنی تەقینەوەکەی مانگی شەشی ساڵی ڕابردووی ناو کەمپـێکی ئاوارە سوریـیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئوردن کە دادوەرێکی لەشکری سەرۆکایەتی دەکات، ئەمڕۆ دووشەممە لە عەممانی پایتەخت 5 تۆمەتباری سوری سەر بە داعشی لەسەر تەقینەوەی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکەی نێو کەمپی ڕەکبان دادگاییکرد، ئەوەی بووە مایەی کوژرانی 6 پاسەوانی سنووری ئوردن و برینداربوونی 14 ی دیکە.
دادگاکە بڕیاری دا نەجم عەبدوڵڵا ئەلعمور لەسێدارەبدرێت پاش ئەوەی بەسەریدا ساغ بووە چوار تاوانبارەکەی دیکەی کردووە بە داعش و ڕایسپاردوون زانیاری لەسەر کەمپەکە و شوێنی هێزە ئاسایشیـیەکانی تیایدان کۆبکەنەوە و وێنەیان بگرن.
چوار تاوانبارەکەی دیکە حوکمی زیندانی دران، لەوانە سیانیان زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ ئەنجامدانی کاری قورس، تاوانبارەکەی دیکەیان بڕیاری 2 ساڵ زیندانی بۆ درا.