Accessibility links

ئەردەن داوا دەکات وڵاتانی ناوچەکە بەشدار بن لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتوودا لەسەر دۆسیەی ناوەکی ئێران


وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی وتی وڵاتانی ناوچەکە دەبێت بەشداربن لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتوودا لەسەر دۆسیەی ناوەکی ئێران، جەختیشی لەوە کردەوە پێویستە لە گفتوگۆکاندا باس لە دەستوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و بەرنامە موشەکییەکەی بکرێت.

سەفەدی لە میانەی کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و سویددا وتی " لەمیانەی گفتوگۆکانماندا جەختمان لەوە کردەوە پێویستە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵی بێت لە چەکی کۆمەڵکوژی و هەروەها باسمان لە گرنگی گەیشتن بە چارەسەرێک کرد بۆ گرژییەکان لەگەڵ ئێران و بابەتی چەکی ناوەکی."

وتیشی " ئێمە لە ئەردەن جەخت لە پێویستی چارەسەرکردنی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا دەکەینەوە لە هەموو ڕووییەکەوە، ناوچەکە پڕە لە ململانێ و پێویستی بە ململانێی دیکە نیە. بۆیە پشتیوانی لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێراندا دەکەین لەڕووی بابەتی ناوەکییەوە و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بەشدار بن لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتوودا لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەی ناوەکی ئێراندا."

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو " پێم وایە بۆ ئەوەی بگەین بە چارەسەرێکی هەمیشەیی، پێویستە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە دەستوەردانەکانی ئێران بکەین لە کاروباری وڵاتانی عەرەبیدا، دەبێت ئەوە بوەستێت."

وتیشی " دەبێت چارەسەری بابەتەکانی دیکەی وەکو بەرنامە موشەکیەکەی ئێرانیش بکەین." ئاماژەی بەوەدا " هەموو ئەم بابەتانە بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژیی لە ناوچەکەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG