دوو وەزیری حکومەتی ئوردن داوای پەسەندکردنی دەست لەکارکێشانەوەیان لە پـۆستەکانیان کرد، ئەمەش وەک بەرپـرسیارێتیـەک بەرامبەر گیانی لەدەستدانی 21 کەس بەهۆی لافاوەوە.
عەزمی موحافزە وەزیری پەروەردە و لینا عەناب وەزیری گەشتوگوزار ئەمڕۆ پـێنجشەممە داوای دەست لەکارکێشانەوەکەیان ڕادەستی عومەر ئەلڕەزاز سەرۆک وەزیر کرد پاش ئەوەی لەگەڵیدا کۆبوونەوە.
لینا عەناب لەسەر تویتەر و فەیسبوکەکەی نووسیویەتی" لە تارمایی بارودۆخی سیاسی گشتی و ئەو دۆخە ئازاربەخشەی وڵاتە خۆشەویستەکەمانی پـیادا تێپەڕبووە و تێپەڕدەبێت، ئەمڕۆ بەیانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆم لە پـۆستە حکومیـیەکەم وەک وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژوویـیەکان خستە بەردەستی سەرۆک وەزیر تاوەکو ئەو بڕیارەی لەسەر بدات کە بە گونجاوی دەبینێت."
پـێنجشەممەی ڕابردوو بەهۆی بارانێکی زۆر لافاو هەستا لە ناوچەیەکی نزیک دەریای مردوو کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای عەممانی پایتەختەوە دورە. 21 کەس گیانیان لەدەست دا کە زۆربەیان خوێندکاربوون و بە گەشتێک چووبوون بۆ سەر دەریای مردوو. هەروەها 35 کەسی دیکە برینداربوون.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن ڕۆژی سێشەممە دانیشتنێکیان ئەنجام دا بۆ قسەکردن لەسەر ڕووداوی لافاوەکە. لە کۆبوونەوەکە 85 پەرلەمانتار قسەیان کرد و زۆربەیان داوای دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری گەشتوگوزاریان کرد بەهۆی ئەو کۆمپانیایەی گەشتەکەی ڕێکخستبوو مۆڵەتی نەبووە. هەروەها داوایانکرد وەزیری پەروەردەش دەست لە کاربکێشێتەوە لەسەر پـێدانی مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە سەرەڕای خراپی کەشوهەوا.