هێزە سەربازییە هاوبەشەکانی نایجیریا و نایجەر و کامیرۆن وتیان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 100 چەکداری ئیسلامییان کوشتووە، 10 فەرماندەش لەنێو کوژراوەکاندا بوون، ئەمەش لەکاتێکدایە هێرشە وشکانی و ئاسمانییەکان لە ناوچەی لەیک چاد زیاتر بوون.
چەکدارانی بۆکۆ حەرام و لقەکانی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا زیاتر لە 10 ساڵە دژی سوپای نایجیریا دەجەنگن و شەڕەکەش پەرەی سەندووە بۆ وڵاتانی دیکەی دراوسێی نایجیریا.
وتەبێژی هێزە هاوبەشەکە کۆلۆنێڵ محەمەد دۆڵ وتی پێشڕەوییان بەرەو ئەو ناوچانە کردووە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارەکاندان لە ناوجەی لەیک چاد و دەستیان گرتووە بەسەر بڕێک چەک و خۆراک و دەرمانی نایاساییدا.
وتیشی " لە ماوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە سەد تیرۆریست کوژراون و 10 فەرماندەشیان تێدا بووە، ئەوەش دوابەدوای هێرشە ئاسمانییە کوشندەکانمان بۆ سەر دوورگەکانی لەیک چاد."
دۆڵ ئاماژەی بەوە نەدا ئۆپەراسیۆنەکە چەندی خایاندووە یاخود چەند سەربازی هێزە هاوبەشەکان کوژراون، بەڵام وتی 18 سەرباز بەهۆی بۆمبی چێندراوەوە برینداربوون.
یاخیبوونی ئیسلامییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
هەفتەی ڕابردوو حکومەتی ئەمەریکا گرێبەستێکی فرۆشتنی چەکی بە نایجیریا پەسەند کرد کە بەهاکەی دەگاتە یەک ملیار دۆلار. گرێبەستەکە پێشتر لەلایەن یاسادانەرانی ئەمەریکاوە ڕاگیرابوو، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانیانەوە سەبارەت بە ئەگەری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی نایجیریاوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز