سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەی ئەوروپی وت دەزگای هەواڵگری بەڕیتانیا باوەڕی وایە تەوژمی ڕووسیا لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا بەهۆی نەبوونی سەرچاوەکانەوە بۆ سوپاکەی خاو ببێتەوە.
ڕۆژانەی سوچدۆوچێ زێتونگی ئەڵمانیا لێدوانەکانی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسنی بڵاوکردەوە، جۆنسن دەڵێت هێزەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن پێشڕەوی دەکەن بۆ ناو هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کاولکاری دەکەن، بەڵام بە سەرباز و چەکەکانی باجە گەورەکەی داوە.
جۆنسن لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت " دەزگای هەواڵگریمان باوەڕی وایە لە چەند مانگی داهاتوودا ڕووسیا ڕەنگە بگاتە خاڵێک کە تیایدا نەتوانێت بەردەوام بێت لەو تەوژمەی کە هەیەتی، چونکە سەرچاوەکانی ماندوو کردووە."
گوتی " لەبەر ئەوە دەبێت یارمەتی ئۆکرانییەکان بدەین داینامیکەکە پێچەوانە بکەنەوە. لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا باس لەمە دەکەم."
کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
گوتی " چەندێک ئۆکرانییەکان لە حاڵەتێکدا بن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانە، دەبێت ئەوەندەش پشتیوانییان لێبکرێت، بە پێدانی ئەو کەلوپەلانەوە کە داوایان لێکردووین بیاندەینێ."
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا سەرکەوتن بۆ ئۆکرانیا یاخود شکستهێنانی پوتن چۆن دەردەکەوێت، جۆنسن وتی " ئەگەر ئەوە ڕووبدات لانی کەم ئەو دۆخە هەنووکەییەمان دەست دەکەوێتەوە کە پێش 24 ی مانگی دوو هەبوو، ئەوەشی کە هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچانەی کە داگیرییان کردوون بەرپەرچ دراونەتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بۆریس جۆنسن: بەهۆی نەبوونی سەرچاوەکانەوە ڕەنگە تەوژمی ڕووسییەکان لە ئۆکرانیا خاو ببێتەوە
