سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی ڕابەرانی جیهان دەبێت نرخی پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا بزانن، بە زیادبوونی نرخەکانی سوتەمەنی و خۆراکیشەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن کە باجی ڕێگەدان بە ڕووسیا تاوەکو لە جەنگەکەدا سەربکەوێت زۆر گەورەتر دەبێت.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا لە ئەڵمانیا، جۆنسن وتی ڕۆژئاوا پێویستی بەوەیە یەکگرتووییەکەی بەڕووی دوژمنکارییەکانی مۆسکۆدا بپارێزێت.
وتیشی " بۆ ئەوەی یەکگرتوویی بپارێزین، بۆ ئەوەی سوودی هەبێت، دەبێت گفتوگۆیەکی زۆر زۆر ڕاشکاوانە بکەیت سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەوەی کە ڕوودەدات، ئەو فشارانەی کە هاوڕێکانمان و هاوبەشەکانمان هەستی پێدەکەن."
وتی " بەڵام باجی کشانەوە، باجی ئەوەی ڕێگە بە پوتن بدەیت سەربکەوێت و خاکێکی زۆری ئۆکرانیا داگیربکات، بەردەوام بێت لە بەرنامەی داگیرکارییەکەی، ئەو باجە زۆر زۆر گەورەتر دەبێت. هەمووان لێرە لەوە تێدەگەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا: باجی سەرکەوتنی ڕووسیا لە ئۆکرانیا زۆر گەورە دەبێت
