ڕۆژە پیرۆزەکانی جووەکان کە بە " ڕۆژانی سەرسوڕمانیش " ناسراون، ڕۆژی چوارشەممە دەستپێدەکەن، ساڵانە تێکەڵەیەک لە هەستی ئاهەنگ و خۆڕاگری و کەفارەت بۆ جووەکانی سەرانسەری جیهان دروست دەکەن.
ئەم ساڵ بۆ زۆرێک لە جووەکان لە ڕووی هەستەوە زۆر بەهێز دەبێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ناوەڕاستی 10 ڕۆژەکەی ڕۆش هاشانا و یۆم کیپوور 7 ی مانگی 10 دەبێت، یەکەم ساڵڕۆژی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی 1200 ئیسڕائیلی و هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە.
بۆ جووەکانی ئەمەریکا کە لە دوای ئیسڕائیلەوە زۆرترین جووی تێدایە لە جیهاندا، ئەم دوانزە مانگەی ڕابردوو لە زۆر ڕووەوە قورس بووە بۆیان، ئەوەش بەهۆی 7 ی مانگی 10 ەوە، لەو ماوەیەدا توندوتیژییەکان زیاد بوون، زۆرێک لە کامپی زانکۆکانیش خۆپیشاندانی لایەنگری فەلەستینییەکانیان تێدا بەڕێوەچوو. جووەکان ماتەمینیان دەربڕی بۆ ئەو ئیسڕائیلییانەی کە کوژران و ئەوانەشی کە بارمتە گیران لەلایەن حەماسەوە، زۆرێکیشیان دڵگرانن بەو دەیان هەزاران فەلەستینییانەی کە لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەززە کوژراون.
گایڵ پۆمیرانتزی ڕابی لە پەرستگای بێث شاڵۆم لە میامی بیچ وتی " ماوەیەکی قورس بووە، ئەمە قورسترین کات بووە بۆ جووەکان لە ئەمەریکا. هیوادارم پشووەکان یارمەتیدەر بن لە بە ناوەڕۆککردنی ئازارەکانمان و نەهێڵن ئازارەکانمان زاڵ ببن بەسەرماندا."
ڕابییەکی دیکە لە میامی بیچ، ئیلیەت پیێرڵسن لە پەرستگای مینۆرا وتی " ئەوە بە ئازارە بۆ ئێمە چونکە دەزانین چەند بە ئازارە کاتێک منداڵێک لە دەست دەدەین، کاتێک دایکێک لە دەست دەدەین. بەس تەنها لەبەرئەوەی کە ئەو مردنانە لە لاکەی دیکەن مانای ئەوە نیە کە کەمتر بە ئازار بن بۆ ئێمە."
لە هەمان کاتدا نیگەرانی و خەمۆکی هەن سەبارەت بە زیادبوونی ڕووداوەکانی هەستی دژە جوو لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
گروپە گەورەکانی جووەکان بەدواداچوونییان بۆ ئەم ڕەوتە کردەوە، ئەم زیادبوونی توندوتیژییانەش دژی جووەکان هەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتەکەی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵدا لەسەر تاوانەکانی ڕق پشتڕاست کرایەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە کۆمەڵگەی جووەکان زۆرترین جار لە نێو گروپە ئاینییەکاندا بە ئامانج کراون، بە جۆرێک 1832 حاڵەتی ڕووداوی دژە جوو تۆمار کراون، ئەوەش دەکاتە لە سەدا 67 ی سەرجەم توندوتیژییەکان بەرامبەر ئاینەکان. ساڵێک لەوەوبەر ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی جووەکان 1124 حاڵەت بووە. توندوتیژییەکانیش بریتی بوون لە بێزارکردن و تێکدان و هێرشکردن.
لە زۆرێک لە کۆمەڵگە جووەکانی سەرانسەری ئەمەریکا، پلان داندراوە بۆ بۆنەی تایبەت کە لەگەڵ ساڵڕۆژی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 دا بگونجێن.
نموونەیەکی دیار ئەوەیە کە لە شاری نیویۆرک ئەو جووانەی کە دژی زایۆنین و پشتیوانی لە پرسی فەلەستینییەکان دەکەن ئامادەی نوێژی ئێوارە دەبن لە کاتێکدا کە ڕۆش هاشانا ڕۆژی چوارشەممە دەستپێدەکات.
ڕابی ئاندی خان سەرکردایەتی نوێژەکە دەکات کە بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی جووە ئەمەریکاییەکانە، ئەنجومەنەکەی سەنگی خستووەتە سەر ئایینی جووەکان و دژایەتی نەتەوەپەرستی دەکات.
خان وتی " هەستم بەوە کرد کە بەشێکی زۆری داواکانم بوارێک دروست دەکەن بۆ ئەو کەسانەی کە ژیانێکی جوویان دەوێت، بەڵام خۆیان بە زایۆنی نازانن. زۆر خەڵک دەناسم، جوو و ئەوانەی کە جوو نین و فەلەستینییەکانیش، ئەوانەی کە دەیانەوێت ئازادی فەلەستینییەکان ببینن و بەشێک نین لەوانەی دژە جوون."
سەرچاوە: ئاژانسی ئەسۆشیەیتد