Accessibility links

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران: وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەگاتە ئێران


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت گەیشتۆتە تاران بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت، لەوانەش بابەتی داهاتووی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەڕمی ئێران وتی هەنت چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف و سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران عەلی شەمخانی دەکەوێت.

ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت ئاماژەی بەوەدا لەمیانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواددا، هەنت جەخت لەسەر پابەندبوونی بەڕیتانیا بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە دەکاتەوە تا ئەو کاتەی ئێران پابەند دەبێت بە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا هەنت باس لە هەوڵەکانی ئەوروپاش دەکات بۆ پاراستنی پڕۆسەی کەمکردنەوەی ئەو سزا ئەمەریکییانەی کە پەیوەستن بە بەرنامە ناوەکییەکەوە.

هەروەها لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە کە هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕوسیا و چین لە خۆدەگرێت هەوڵدەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکە.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت پێش سەردانەکەی بۆ تاران وتی " ڕێکەوتنی ناوەکیی ئێران هێشتا هۆکارێکی گرنگە بۆ سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش لەڕێی کەمکردنەوەی مەترسیی ئەوەی ئێران چەکی ناوەکیی هەبێت. ڕێکەوتنەکە پێویستی بەوەیە ئێران لە سەدا سەد پابەند بێت پێوەی تاوەکو بەردەوام بێت."

هەنت وتیشی " هەتاوەکو ئێران پابەند بێت بە ڕێکەوتنەکەوە ئێمەش پابەند دەبین پێوەی. ئەگەر بمانەوێت چارەسەری هۆکارە سەرەکییەکان بکەین بۆ ململانێکانی ناوچەکە پێویستمان بەوەیە کە ئێران چالاکییە تێکدەرەکانی لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کۆتایی پێبێنێت."

ئۆفیسی هەنت وتی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی ئێرانیش دەکات لە سوریا و یەمەندا و فشار دەخاتە سەر ئێران سەبارەت بە تۆمارەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا و داواش دەکات بە زووترین کات ئەو هاوڵاتیانە ئازاد بکات کە ڕەگەزنامەی بەڕیتانی و ئێرانیان هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG