Accessibility links

بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا: بەشێک لە هێرشەکان داعش نین و بۆ پارەیە


بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە، دەڵێت ئەو هێرشانەى شەوان دەکرێنە سەر گوندەکانى سنوورى ناحیەکەى و قەزاى خانەقین، مەرج نیە تەنها داعشیان لە پشتەوە بێت.

شێخ یەعقوب لهێبى کە هاوکات سەرۆک عەشیرەتێکى عەرەبى سونەشە، بە دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"ئەو هێرشانەى شەوان دەکرێنە سەر گوندەکان گەر بڵێی داعش نین، داعشن، گەر بیشڵێى حەشدى شەعبى نین، حەشدیشن، هەموو لایەک دەستیان لەو هێرشانەدا هەیە."

سەبارەت بە هۆکارى هێرشەکان، بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا وتى"بەشێک لە هێرشەکان بۆ پارە لە خەڵک وەرگرتنن، بە خەڵک دەوترێ، پارەمان نەدرێتێ، بۆمبتان بۆ دادەنێین و دەتانکوژین."

بەشێک لەو گوندانەى سنوورى قەزاى خانەقین و جەلەولا کە هێرشیان دەکرێتە سەر، گوندى کوردنیشینن، بۆیە بەشێک لە بەرپرسانى کورد پێیانوایە پلانى چۆڵکردنى ناوچەکە بە کوردەکان لە پشت هێرشەکانەوەن.

بەڵام یەعقوب لهێبى ، پێیوایە کوردەکان ماڵ و دوو ماڵ نین، تا ناوچەکەیان پێ چۆڵ بکرێت، دەڵێت"هێرشەکان کاریگەریان لەسەر کورد نابێت."

لە رۆژى 17 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017، کاتێک هێزە کوردیەکان ناحیەکەیان جێهێشت، زۆربەى ئەو خێزانە کوردانەى نیشتەجێى جەلەولابوون، بەرەو ناوچە جیاجیاکانى گەرمیان کۆچیان کرد.

سەبارەت بە چارەنووسى خێزانە کوردەکان، یەعقوب لهێبى دەڵێت"زۆرێک لە خێزانە کوردەکان گەڕاونەتەوە چونکە کرێ خانویان پێنادرێ، ئەوانەشیان کە ماونەتەوە، لە ئێستادا رۆژانە لێیان دێتەوە."

درکاندنى نهێنى هەڵکوتانە سەر گوندەکان و گێچەڵ پێکردنیان لەلایەن هێزى ترى جیاواز لە داعشەوە، لە کاتێکدایە کەم شەو هەیە هێرش نەکرێتە سەر ناوچەکانى سنوورى جەلەولا و خانەقین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:04 0:00

XS
SM
MD
LG