Accessibility links

کوشنەر هانی وڵاتانی عەرەبی دەدات تاوەکو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل باش بکەنەوە


دوای سەردانەکەی بۆ ئیماڕات بە هاوەڵی شاندێکی ئیسڕائیل بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێكەوتنە مێژووییەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ڕاوێژکاری کۆشکی سپی جارێد کوشنەر سەردانی وڵاتانی دیکەی کەنداو دەکات بەهیوای ئەوەی وڵاتانی عەرەبی هان بدات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل باش بکەن.

لە دانوستانەکاندا لە ئەبوزەبی، ئیسڕائیل و ئیماڕات لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا بۆ هاریکاریکردنی نێوان دوو وڵاتەکە لە بواری خزمەتگوزاری داراییدا. ڕۆژی دووشەممە جارێد کوشنەر هاوەڵی شاندەکەی ئیسڕائیلی کردوو و یەکەمین گەشتی ئاسمانی فڕۆکەیەکی ئیسڕائیل بوو بۆ ئیماڕات.

هەریەک لە میسڕ و ئەردەن بەپێی ڕێکەوتنەکانی پێشوویان لەگەڵ ئیسڕائیل، نوێنەرییان لە وڵاتانی یەکتر هەیە، بەڵام وڵاتانی دیکەی عەرەبی داوا دەکەن سەرەتا ئیسڕائیل خاکەکانی فەڵەستین ڕادەست بکاتەوە ئینجا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا باش دەکەنەوە.

کوشنەر لە لێدوانێکیدا وتی دەکرێت وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەخێرایی شوێن پێی ئیماڕات هەڵگرن.

دواتر کوشنەر سەردانی بەحرەینی کردوو و واپێشبینی دەکرێت سەردانی هەریەک لە سعودیە و قەتەڕیش بکات.

لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێکی عەرەبی دیکە ئامادەیی خۆیان پیشان نەداوە بۆ ئەوەی هەمان هەنگاوی ئیماڕات بنێن، سعودیە ڕێگەیدا فڕۆکە ئیسڕائیلیەکە کە کوشنەر و شاندە ئیسڕائیلییەکەی دەگواستەوە بە ئاسمانی سعودیەدا تێپەڕ ببن.

لە بەحرەینیش کە سەرکردایەتی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمەریکای تێدایە، دەزگای هەواڵی حکومەتی بەحرەین ئاماژەی بەوەدا پاشا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ کوشنەر پێشوازی لە ڕۆڵی ئیماڕات کردووە و وتوویەتی ئەو ڕۆڵەی ئیماڕات دەیگێرێت لەپێناو بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی عەرەب و ئیسلامدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG