Accessibility links

ڕۆژنامە: ژاپۆن کەشتی نانێرێت بۆ هێزە دەریاییەکەی ئەمەریکا لە تەنگەی هورموز


Strait of Hormuz

ڕۆژنامەی ماینیچی ژاپۆنی لە سەرچاوە حکومییەکانەوە ئاماژەی بەوەدا ژاپۆن هیچ کەشتیەکی جەنگی نانێرێت بۆ هێزە دەریاییەکەی ئەمەریکا بۆ پاسەوانیکردنی کەشتیە نەوت هەڵگرەکان لە تەنگەی هورموز، ئەمەش لەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێراندا بەڵام پێدەچێت فڕۆکە بنێرێت بۆ چاودێریکردن.

ڕۆژنامەکە وتیشی سەرەڕای ئەوە لەوانەیە ژاپۆن بەشێوەیەکی سەربەخۆ کەشتی جەنگی بنێرێت بۆ پاراستنی کەشتیە ژاپۆنییەکان لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی لە جیهاندا.

گەورە بەرپرسی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن یوشیهیدی سوجا کاتێک سەبارەت بە هەواڵەکە پرسیاری لێکرا وتی " لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەین و زانیاری کۆدەکەینەوە لەکاتێکدا لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەدا کاردەکەین."

بەوەی کە ژاپۆن هاوپەیمانی سەرەکییەتی لە ئاسیا و هێزێکی دەریایی بەهێزی هەیە لە ناوچەکەدا، واشنتن دەیەوێت ژاپۆن بهێنێتە ناو ئەرکە دەریاییەکەوە.

حکومەتی ژاپۆن لەوانەیە ڕووبەڕووی ڕەخنە و دژایەتیکردن ببێتەوە لە ناوخۆیدا دژی هەر کردەوەیەکی سەربازیی کە ببێتەهۆی ئەوەی هێزەکانی بەرگری بخاتە مەترسییەوە و یاخود ژیانی ئەو ژاپۆنییانە بخاتە مەترسییەوە کە لە ئێران دەژین. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ژاپۆن نەچۆتە هیچ جەنگێکەوە.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ داوای لە ژاپۆن و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و کۆریای باشوور و ئوستڕاڵیا و وڵاتانی دیکە کرد بەشدار بن لەو هێزە دەریاییەدا کە پاسەوانی کەشتیە نەوت هەڵگرەکان دەکات لە تەنگەی هورموز.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG