Accessibility links

ڕۆژنامە: ژاپۆن بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیە دەریاییە ناکات ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات لە کەنداو


یوشیهیدی سوگا

ڕۆژنامەی یومیوری بڵاویکردەوە ژاپۆن بەشداری ئەو ئەرکە دەریاییە ناکات کە ئەمەریکا لە کەنداو ڕابەرایەتی دەکات بۆ پاراستنی ئەو کەشتیە بازرگانییانەی کە بە ڕێڕەوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕدەبن و لەجیاتی ئەوە بیر لەوە دەکاتەوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە کەنداو سوپا بڵاوبکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی ژاپۆن هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە، تۆکیۆ لە هەمان کاتدا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ تاراندا بەهێزکردبوو، هەروەها کۆمپانیا ژاپۆنییەکان گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانی بوون هەتا ئەو کاتەی سزاکانی ئەمەریکا ناچاری کردن چیتر مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا نەکەن.

ڕۆژنامەی یومیوری لە زاری سەرچاوە حکومییەکانەوە کە ناوی نەهێنان ئاماژەی بەوەدا ژاپۆن بیر لە پلانی ڕەوانەکردنی هێزی بەرگری دەریایی سەربەخۆ دەکاتەوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە ناوچەکانی دەوروبەری تەنگەی هورموز و تەنگەی باب ئەلمەندەب.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا ژاپۆن بیر لەوەش دەکاتەوە ئەگەر ئێران ڕازی ببێت ئەوا هێزی بەرگری دەریایی سەربەخۆ لە تەنگەی هورموز جێگیر دەکات.

سکرتێری باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن یوشیهیدی سوگا سەبارەت بە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە پرسیاری لێکرا بەڵام ڕەتی کردەوە ئاماژە بەو ڕێوشوێنە دیاریکراوانە بدات کە حکومەتی ژاپۆن بیریان لێدەکاتەوە بۆ دەستەبەرکردنی پارێزراوی کەشتیە ژاپۆنییەکان.

سوگا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " سەبارەت بەو هەنگاوە چالاکانەی کە دەیگرینەبەر بۆ دەستەبەرکردنی پارێزراوی ئازادی هاتوچۆی دەریایی کەشتیە ژاپۆنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە پێمان باشترە لە کۆمەڵێک گۆشەی جیاوازەوە سەیری بابەتەکە بکەین، لەوانەش پاراستنی ئەو نەوتە خاوەی دێتە ژاپۆنەوە و هەروەها پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەریەک لە ئەمەریکا و ئێرانیش."

وتیشی " لەکاتێکدا وتوێژ لەسەر بابەتەکە دەکەین، ئێمە دەمانەوێت لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەردەوام بین و بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمکردنەوەی گرژییەکان."

یومیوری ئاماژەی بەوەدا واچاوەڕواندەکرێت ژاپۆن دوای کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری کۆتایی بدات سەبارەت بە بابەتەکە بدات.

سەرجاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG