Accessibility links

سەرۆک وەزیری ژاپۆن گرێبەستێکی بەرگریی لەگەڵ تایلاندا پەسەند دەکات


سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا و سەرۆک وەزیری تایلاند پرایوث چان ئۆچا، بانگکۆک، تایلاند

ڕۆژی دووشەممە ڕابەرانی ژاپۆن و تایلاند ڕێکەوتنێکی بەرگریی نوێی نێوان دوو وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، هەروەها باسیان لە کۆمەڵێک پلانیش کرد بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان.

ڕێکەوتنەکە دەبێتە هۆی کارئاسانیکردن بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی و تەکنەلۆجیاکان لە ژاپۆنەوە بۆ تایلاند، کە پەیوەندییەکی مێژوویی درێژخایەنی لەگەڵ سوپای ئەمەریکادا هەیە و یەکێکە لە سوپا پڕچەکترینەکانی ناوچەکە. بەڵام وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە گرێبەستەکە ئاشکرا نەکراوە.

سەرۆک وەزیری تایلاند پرایوث چان ئۆچا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە پاڵ سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدادا وتی " ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە باشکردنی بەرگری نیشتیمانی و پشتیوانی لە وەبەرهێنانەکان دەکات لە ژاپۆن، ئەمەش ئامانجێکی گرنگە بۆ تایلاند."

پرایوث وتی لەگەڵ کیشیدادا تاوتوێی باشکردنی بازرگانیی کەلوپەلەکان و ڕەشنووسی هاوبەشییەکی ئابووری پێنج ساڵەیی لەگەڵ ژاپۆندا کردووە.

جێی ئاماژەیە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا چەند دەیەیەکە هەمیشە ناوچەیەکی گرنگ بووە بۆ ژاپۆن، میوانداری گەورەترین ناوەکانی کردووە لە پیشەسازیدا، لە ژێرخان و ئەندازیاریی و ناوچە پیشەسازییەکانەوە بۆ دروستکردنەوەی ئوتومبێل و کەلوپەلی کارەبایی.

ناوچەکە وەکو گۆڕەپانێکی شەڕی نێوان ئەمەریکای هاوپەیمانی ژاپۆن و چیندا ماوەتەوە، لەکاتێکدا چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ناوچەکەیە. سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا لە ماوەی سەردانە سێ ڕۆژییەکەیدا بۆ ناوچەکە سەردانی ڤیێتنام و ئیندۆنیسیاشی کرد، کە لەوێ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بوونێکی گەورەیان هەیە.

وەکو تەنها وڵاتی ئەندام لە گروپی حەوتدا لە ئاسیا، کیشیدا لە گەشتەکەیدا بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا باسی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا کردووە لە ئۆکرانیا، لەو ناوچەیەدا تەنها سینگاپوور بەشداری سەپاندنی سزاکانی سەر ڕووسیای کردووە.

نۆ وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە مانگی سێدا پشتیوانییان لە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، بەڵام کیشیدا سوپاسی پرایوثی کرد بۆ پشتیوانییەکانی تایلاند.

کیشیدا وتی " لەگەڵ سەرۆک وەزیر پرایوثدا هاوڕام لەسەر ئەوەی لە هەر شوێنێکدا سەروەری خاکی وڵاتێک پێشێل بکرێت یاخود گۆڕانکارییەکی تاکلایەنانە لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە ئەنجام بدرێت، ئەوا نابێت پەسەند بکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG