Accessibility links

ژاپـۆن دەڵێت پـێدەچێت ڕۆژنامەوانێکی لە پاش 3 ساڵ لە ڕفاندن لە سوریا ئازادکرابێت


جومپێ یاسوودا
جومپێ یاسوودا

حکومەتی ژاپـۆن دەڵێت ڕۆژنامەوانێکی وڵاتەکەی کە ماوەی 3 ساڵە لە سوریا لە لایەن گروپـێکی چەکدارەوە ڕفێندراوە، پـێدەچێت ئازادکرابێت.

یۆشیهیدی سوگا بەرپـرسی سکرتاریەتی حکومەت شەوی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی لە لایەن حکومەتی قەتەرەوە ئاگادارکراونەتەوە جومپێ یاسوودا ئازادکراوە و براوە بۆ سەنتەری کۆچبەران لە شاری ئەنتاکیـیەی تورکیا. گوتیشی لە ئێستادا هەوڵ دەدەن دڵنیابن لەوەی ئازادکراوە.

جومپێی تەمەن 44 ساڵ ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆ بووە و لە مانگی شەشی ساڵی 2015 لە تورکیاوە چووەتە ناو سوریا بۆ ڕوماڵکردنی هەواڵەکانی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەڵام ڕفێندرا لەلایەن گروپـێکی توندڕەو کە پـێدەچێت بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە بووبێت، ئەوەی ئێستا بووە بە "هەیئەت تەحریر ئەلشام" ناودێردەکرێت.

مانگی هەشت ڤیدیۆیەکی جومپێی بڵاوکرایەوە کە تیایدا لەگەڵ کەسێکی ئیتاڵی جلوبەرگی پـرتقاڵیـیان لەبەرکردبوون و داوایان دەکرد داواکاری ڕفێنەرانیان جێبەجێ بکەن تاوەکو ئازادیان بکەن.

حکومەتی ژاپـۆن لەم بارەیەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە و بەشێک لە ژاپـۆنیـیەکان دەڵێن کەمتەرخەمە و هەوڵی ئازادکردنی نادات.

جێی ئاماژەیە هەر لە ساڵی 2015 داعش دوو ڕۆژنامەوانی ژاپـۆنی سەربڕی، پاش ئەوەی ژاپـۆن بە داواکاریـیەکانیان قایل نەبوو.

XS
SM
MD
LG