Accessibility links

ژاپۆن دەڵێت ئامادەیە بچێتە پاڵ ئەمەریکا لە سەپاندنی سزاکان بەسەر ڕووسیادا


سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا
سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا

ژاپۆن ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چوونە پاڵ ئەمەریکا و وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە سەپاندنی سزاکان بەسەر ڕووسیادا، لەکاتێکدا ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن فەرمانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بدات.

پشتڕاستکردنەوەکەی ژاپۆنی سێیەم گەورەترین ئابووری جیهان لەکاتێکدایە قەیرانەکان لە ئەوروپا قوڵتر بوونەتەوە، دوای ئەوەش دێت پوتن فەرمانی بە هێزەکانی ڕووسیا کرد بچنە دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە کە ئێستا ڕووسیا وەکو وڵاتی سەربەخۆ ناساندوونی.

سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بڕیارەکە جێی قبوڵکردن نیە و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە." ئەوەشی ئاشکرا کرد ژاپۆن ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەهێز کە دەکرێت سەپاندنی سزاشی تێدابێت.

درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە کۆشکی سپی وتی ئەمەریکا بەمزووانە سەپاندنی سزای نوێ ڕادەگەیەنێت بەسەر ڕووسیادا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ " بڕیار و کردەوەکانی ئەمڕۆی مۆسکۆ."

وتەبێژی کۆشکی سپی وتی " لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانماندا هەماهەنگی دەکەین لەسەر ئەو ڕاگەیاندنە."

ڕۆژنامەی یومیوری ژاپۆن لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا سزاکانی ژاپۆن بۆ سەر ڕووسیا دەچێتە پاڵ ئەو سزایانەی کە لە ساڵی 2014 دا سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا دوای ئەوەی نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد، سزاکانیش پێدەچێت قەدەغەکردنی هەناردەکردنی پارچەی نیمچە گەیەنەر و تەکنەلۆجیا گرنگەکانی دیکەش بگر‌ێتەوە و کۆتوبەندێکی توندتر بخرێتە سەر بانکەکانی ڕووسیا.

سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا ژاپۆن گەورەترین وڵات نیە لە هەناردەکردنی نیمچە گەیەنەرەکاندا، تەنها لە سەدا 10 ی نیمچە گەیەنەرەکان لە بازاڕی جیهاندا دابین دەکات، بەڵام بەرهەمهێنەری سەرەکی پارچە ئەلیکترۆنییە تایبەتییەکانە، لەوانەش پارچەی ئوتومبێلەکان بە گشتی و سێنسەری وێنەکان، هەروەها لە بوارە پیشەسازییەکانی دیکەشدا باڵا دەستە، لەوانەش بەرهەم هێنانی کەلوپەلی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو.

کیشیدا و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی ژاپۆن ئاماژەیان بەوە نەداوە ژاپۆن چی جۆرە سزایەک دەسەپێنێت.

هەڵوێستە توندەکەی ئێستای ژاپۆن بەرامبەر ڕووسیا لەگەڵ هەوڵە دیبلۆماتییە نەرمەکانی بەڕێوبەرایەتیەکانی پێشتری ژاپۆن لەگەڵ ڕووسیادا پێچەوانەیە. بەڕێوبەرایەتیەکانی پێشووی ژاپۆن بە نەرمی لەگەڵ پوتندا ڕەفتارییان کردووە، ئەوەش لە هەوڵیاندا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دورگانەی کە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشووەوە داگیرکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG