Accessibility links

سەرۆک وەزیری ژاپـۆن دەڵێت ئامادەیە لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکوردا کۆببێتەوە


سەرۆک وەزیری ژاپـۆن دەڵێت ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێک لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور کۆببێتەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەیەک و باشکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

شینزۆ ئابێ ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی سەنکای شیمبونی ژاپـۆنی گوتی"دەمەوێت بەبێ مەرج لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببمەوە و بە ڕاشکاوانە و سنگێکی فراوانەوە وتووێژی لەگەڵدا بکەم."

شینزۆ ئابێ کە بە کەسێکی توند لە بواری سیاسەتی دەرەوە ناسراوە، لەم دوایـیانە لە توندی لێدوانەکانی لە دژی کۆریای باکور کەمکردووەتەوە، وە داوادەکات لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی هەستیار، ئەویش مەسەلەی ڕفاندنی کەسانی ژاپـۆنی لە لایەن کۆریای باکورەوە لە ڕابردوودا.

سەرۆک وەزیری ژاپـۆن دەڵێت زۆر گرنگە بۆ هەردوو وڵات دەستپـێشخەربن لە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە. جەختی کردەوە کە هەتا ڕاستەوخۆ کیم جۆنگ ئون نەبینێت هەردوو وڵات زاڵ نابن بەسەر ئەو بێ متمانەیەی لە نێوانیاندا هەیە. گوتیشی هیوادارە کیم ڕێبەرێک بێت کە بتوانێت بڕیاری گرنگ بدات و نەرمی بنوێنێت لە بەرامبەر ئەوەی بۆ وڵاتەکەی باشە.

شینزۆ ئابێ ئەوەشی بۆ ڕۆژنامەکە ئاشکراکرد کە هەینی ڕابردوو داوای لە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا کردووە یارمەتی بدات لە چارەسەرکردنی کێشەی ژاپـۆنیـیە ڕفێندراوەکان.

جێی ئاماژەیە لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کۆریای باکور ژمارەیەک هاوڵاتی ژاپـۆنی ڕفاند بۆ ڕاهێنانی سیخوڕەکانی لەسەر زمان و فەرهەنگ و کەلتوری ژاپـۆنی. لە ساڵی 2002 کۆریای باکور دانی نا بەوەی 13 ژاپـۆنی ڕفاندووە، پاش مانگێک لەو دانپـیادانانە تەنیا 5 ژاپـۆنی ئازادکرد و گوتی ئەوانی دیکە مردوون.

ژاپـۆن دەڵێت دڵنیایە لەوەی 17 کەسی ژاپـۆنی کە بریتین لە 8 پـیاو 9 ژن ڕفێندراون. گومانیش دەکرێت بە دەیان کەسی دیکەش ڕفێندرابن.

XS
SM
MD
LG