Accessibility links

سەرچاوەکان: سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بیر لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی ناتۆ دەکاتەوە


سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا
سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا

کۆمەڵێک سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە ئاماژەیان بەوەدا سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا بیر لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکاتەوە کە وابڕیارە لە کۆتایی مانگی شەشدا بەڕێوەبچێت.

ئەم هەنگاوە هەڵوێستێکی توندی کیشیدا دەردەخات لە دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کیشیدا چەند جارێک سەرکۆنەی کارەکانی ڕووسیای لە ئۆکرانیا کردووە و بە " تاوانی جەنگ " دژی ئۆکرانیا ناویبردوون.

لە ڕابردوودا سەرۆک وەزیرانی پێشووی ژاپۆن زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ پەیوەندییەکانیان کردووە لەگەڵ ڕووسیادا، لەکاتێکدا دوو وڵاتەکە چەند دەیەیەکە ناکۆکییان هەیە لەسەر کۆمەڵێک ناوچەکە کە هەردوولا بە خاکی خۆیانی دەزانن و لە جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕووسیا دەستی بەسەرداگرتوون.

وتەبێژێکی حکومەتی ژاپۆن وتی ڕەنگە بەرپرسانی وڵاتەکە نەتوانن لێدوان لەسەر بابەتەکە بدەن، کە سەرەتا لەلایەن دەزگای هەواڵی کیۆدۆوە بڵاوکرایەوە.

کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە 29-30 ی مانگی شەشدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.

دەزگای هەواڵی کیۆدۆ لە زاری سەرچاوە حکومییەکانەوە بڵاویکردەوە کیشیدا دواتر بڕیاریی کۆتایی دەدات، ڕەوشی سیاسیی وڵاتەکە لەبەرچاودەگرێت پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

هاوپەیمانێتی ناتۆ ژاپۆن و ئوستڕاڵیا و نیوزلەندا و کۆریای باشووری بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشت کردووە.

سەرچاوەکان کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکەن وتیان کیشیدا بەنیازە دوای کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت لە ئەڵمانیا، سەردانی مەدرید بکات.

سەرچاوەکانی کیۆدۆ وتیان ئامادەبوونی کیشیدا لە کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لێدەکرێت و پەیامێکی بەهێزی دەربڕینی هاوسۆزی نێودەوڵەتی دەبێت لەسەر قەیرانەکانی ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG