Accessibility links

سەرۆک وەزیری ژاپـۆن سەردانی ئێران دەکات بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژیـیەکان لە ناوچەکە


گوتەبێژی حکومەتی ژاپـۆن دەڵێت شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری وڵاتەکەیان سەردانی ئێران دەکات بە ئامانجی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرژیـیەکانی نێوان تاران و واشنتن.

یوشیهیدە سۆگا کە بەرپـرسی سکرتاریەتی حکومەتی ژاپـۆنیشە، ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی سەردانەکەی ئابێ بۆ ئێران دەبێتە یەکەم سەردانی ڕێبەرێکی ژاپـۆنی بۆ ئەو وڵاتە لە پاش 41 ساڵ. سۆگا ئامادە نەبوو وردەکاری و ڕۆژی سەردانەکە ڕابگەیەنێت.

بەڵام ئاژانسی دەنگ‌وباسی کیۆدۆ و میدیاکانی دیکەی ناو ژاپـۆن دەڵێن ئابێ لە نێوان 12 بۆ 14 ی ئەم مانگی شەشە سەردانی تاران دەکات و لەوێ لەگەڵ هەریەک لە عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران و حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران کۆدەبێتەوە.

شینزۆ ئابێ پـێشنیاری ئەم سەردانەی بۆ سەرۆک ترامپ کرد کاتێک لە کۆتایـیەکانی مانگی پـێنج سەردانی ژاپـۆنی کرد.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەڵێت ئامادەیە سزاکانی سەر ئێران لاببات بە مەرجێک بە تەواوی دەستبەرداری هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی بێت و کۆتایی بە دەستێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بهێنێت و چیتر پشتیوانی لە گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەکو حزبوڵڵای لوبنان نەکات.

XS
SM
MD
LG