میدیاکانی ژاپـۆن دەڵێن کۆمپانیاکانی بازرگانی نەوتی وڵاتەکەیان خۆیان ئامادەدەکەن بۆ ڕاگرتنی هاوردەی نەوتی ئێران لە مانگی داهاتوودا.
هەردوو ئاژانسی دەنگوباسی جیجی و کیۆدۆی ژاپـۆنی ئەمڕۆ دووشەممە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە، دەڵێن ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان بەهۆی سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمەریکایە بەسەر تاران کە تیایاندا هاتووە هەرچ وڵات و لایەنێک لە بواری کەرتی نەوت مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات، ئەوا خۆی دووچاری سزاکانی ئەمەریکا دەکات.
ئاژانسی جیجی دەڵێت پـێدەچێت کاربەدەستانی وڵاتەکەیان شکستیان هێنابێت لە قایلکردنی واشنتن لەوەی ڕێگە بە ژاپـۆن بدات بەردەوامبێت لە هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی.
کاربەدەستێکش لە وەزارەتی بازرگانی ژاپـۆن بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی پشتڕاستکردەوە کە تۆکیۆ داوای لە واشنتن کردبوو لەم بارەیەوە چاوپـۆشی لێبکات، بەڵام کاربەدەستەکە هیچ وردەکاری زیاتری باس نەکرد.
ژاپـۆن 80% ی هاوردە سووتەمەنیـیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. 39% ی لە عەرەبستانی سعودیـیەیە و تەنیا 5% ی لە ئێرانە.