Accessibility links

بەفربارێنێکی زۆر لە ژاپۆن گەشت و هاتوچۆ پەکدەخات


بەفربارینێکی زۆر لە ناوەڕاستی ژاپۆن بووە هۆی پەکخستنی هاتوچۆ و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و تێکدانی خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەرەکان.

بەپێی وێستگەی کارەبای کانسای، کارەبای زیاتر لە 3200 ماڵ بڕاوە لە ناوچەکەدا، بەرپرسانیش ئاگادارییان داوە لە شەودا بەفرەکە زیاتر دەبێت.

وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن هیرۆکازۆ ماتسونۆ وتی تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان بەهۆی کەش و هەوا ساردەکەوە تۆمارنەکراوە.

وتی " جۆرە فشارێکی زستان بووەتە هۆی بەفربارینێکی زۆر، بەتایبەتی بەدرێژایی دەریای ژاپۆن لە باکوورەوە بۆ ڕۆژئاوای وڵاتەکە، هەندێک ناوچە بەفربارینەکە تیایدا گەیشتۆتە ئاستێکی پێوانەیی."

ماتسونۆ وتی " پێشبینی دەکرێت سبەینێ بەفربارینەکە زیاتر ببێت، دەبێت خەڵکەکە وریا بن و زیاتر ئاگاداری خۆیان بن."

ماتسونۆ وتی شەقامێکی سەرەکی لە هەرێمی شیگا بەهۆی ئەوەی " ئوتومبێلەکان لەسەر شەقامەکە گیرییان خواردووە " داخرا.

نزیکەی 200 سەرنشینیش لە شەمەندەفەرێکدا گیریانخواردووە و بەدرێژایی شەوەکە تیایدا مابوونەوە.

ڕۆژنامەی جیجی وتی نزیکەی 130 گەشتی ئاسمانی ناوخۆییش بەهۆی بەفربارینەوە هەڵوەشاونەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG