سه‌رۆک وه‌زیری ژاپۆن ناوتۆ کان داوا له خه‌ڵکی ده‌کات به‌لایه‌نی که‌م 20 کیلۆمه‌تر له کارگه‌ی ناو‌کی وڵاته‌که‌وه دووربکه‌ونه‌وه که له ڕۆژی شه‌ممه‌دا ته‌قییه‌وه.
به‌ڕێز کان ده‌ڵێت ئه‌رکی سه‌ره‌کی پاراستنی هاووڵاتیانه له ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری کارگه‌ی فوکوشیما. گوتیشی زانیاری زیاتر له سه‌ر بارودۆخه‌که له کۆتایی ڕۆژی شه‌ممه‌دا ڕاده‌گه‌ێنرێت.
ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی سه‌رۆک وه‌زیری ژاپۆن ته‌نها پاش یه‌ک ڕۆژ بوو له‌و بومه‌له‌رزه وێرانکاره‌ی له وڵاته‌که‌ی دا هێزه‌که‌ی 8 و له ده‌دا 9 بوو به پێوانه‌ی ڕێخته‌ر. ئه‌م بومه‌له‌رزه‌یه بوو به‌هۆی دروستبوونی سونامی که چه‌ند ناوچه‌ی ژاپۆنی وێران کرد. به‌ڕێز کان گوتیشی وڵاته‌که ڕووبه‌ڕووی کاره‌ساتێکی بێوێنه بۆته‌وه.
له فۆکۆشیما دووکه‌ڵ له شوێنی ڕیاکته‌ره ناوکییه‌که‌وه ده‌بینرێت. میدیاکانی ژاپۆن ده‌ڵێن ئاستی تیشکه ناوکییه‌کان پاش ته‌قینه‌وه‌که له ده‌ره‌وه‌ی کارگه‌که زیادی کردووه.
ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ڵێت هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر بارودۆخه‌که ده‌دات.
سه‌رۆک وه‌زیری ژاپۆن ده‌شڵێت زیاتر له 50 هه‌زار سه‌رباز به‌شداری له هه‌وڵه‌کانی به هاناوه‌چوون ده‌که‌ن له سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که‌دا.
میدیای ژاپۆنیش ده‌ڵێن زیاتر له 1300 که‌س گیانیان له ده‌ست داوه یان بێسه‌روشوێنن.