Accessibility links

دەستگیرانەکەی خاشقچی داوای سزادانی شازادەی جێنشینی سعودیە دەکات


خەدجە چەنگیز
خەدجە چەنگیز

دەستگیرانەکەی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی داوای کرد " بە بێ دواکەوتن " سزای شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان بدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئەمەریکا ئاشکرای کرد محەمەد بن سەلمان کوشتنی خاشقچی پەسەند کردووە.

خاشقچی کە لە ئەمەریکا دادەنیشت و لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەینوسی و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی سعودیە دەگرت، لە ئیستەنبوڵ لەلایەن تیمێکەوە کوژرا.

ڕۆژی هەینی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان پڕۆسەی کوشتنەکەی پەسەند کردووە، واشنتن سزای سەپاند بەسەر کۆمەڵێک لەوانەی دەستیان لە کوشتنەکەدا هەبووە بەڵام سزاکان محەمەد بن سەلمانی نەگرتۆتەوە.

لەلای خۆیەوە حکومەتی سعودیە ڕاپۆرتەکەی ڕەت کردەوە.

دەستگیرانەکەی خاشقچی خەدیجە چەنگیز لە تویتەر نوسیویەتی " پێویستە شازادەی جێنشین سزا بدرێت، بەبێ دواکەوتن."

وتیشی " ئەگەر هاتوو شازادەی جێنشین سزا نەدرێت ئەوا ئەوە مانای ئەوەیە تاوانباری سەرەکی دەکرێت تا هەتایە ڕزگاری ببێت لەو تاوانەی ئەنجامیداوە و ئەوەش هەموومان دەخاتە مەترسیەوە."

ڕۆژی هەینی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دژی ئەو سعودیانە گرتەبەر کە باوەڕوایە دەستیان هەبووبێت لە کوشتنەکەی خاشقچیدا، لەوانەش قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا و سڕکردنی سەرمایەکانیان لە ئەمەریکا و ڕێگە نەدان بە مامەڵەکردنی ئەمەریکیەکان بە گشتی لەگەڵیاندا.

لە وەڵامێکدا سەبارەت بە ڕەخنەکانی سەر ئەمەریکا لەسەر ئەوەی ڕاستەوخۆ سزای بەسەر شازادە محەمەددا نەسەپاندووە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکرێتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا، هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدا پێشبینی گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە ناکات.

چەنگیز وتی " سەرەتا لە بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنەوە، پێویستە سەرجەم سەرۆکەکانی جیهان پرسیار لە خۆیان بکەن لەسەر ئەوەی ئایا ئامادەن دەست بخەنە دەستی کەسێکەوە کە تاوانی کوشتنی لەسەر سەلمێندراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG