بەرپرسانی ئەفغانی وتیان سێ تەقینەوە شاری جەلالئابادیان هەژاندووە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەمەوە 3 کەس کوژراون و 20 کەسی دیکە برینداربوون.
وتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمی نەنکەرهار وتی تەقینەوەکان بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە بوون کە لە گۆڕەپانێکی قەرەباڵغدا دانراون و بازاڕێکی شارەکە لەوێدایە و بریندارەکانی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
جەلالئاباد پایتەختی هەرێمی نەنکەرهارە و دەکەوێتە سەر سنووری پاکستان.
لە سەرەتای ساڵی 2015 دا شارەکە بووە موڵگەی سەرەکی ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستاندا.
لە هەفتەکانی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان تاڵیبان و چەکدارانی داعش و هەروەها شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان تاڵیبان و هێزەکانی ئەفغانستان زیادیانکرد، ئەمەش لەنێوەندی دانوستانەکانی ئاشتی ئەفغانستاندا لەنێوان ئەمەریکا و تاڵیباندا کە مەبەست لەم دانوستانانە کۆتای هێنانە بە جەنگی ئەفغانستان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز