Accessibility links

ڕێكخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی جەددەی سعودیە ڕادەگەیەنێت


ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی سەر گۆڕستانێکی شاری جەدەی سعودیەی ڕاگەیاند کە بەهۆی هێرشەکەوە حەوت کەس برینداربوون.

بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەنجامدانی ئەو هێرشە نەخستەڕوو.

ڕێکخراوی داعش لە بەیاننامەیەکدا وتی " مەفرەزەیەکی سەربازانی خەلافەت توانیویانە بۆمبێک لە گۆڕستانی " خەواجەکان " بچێنن لە گەڕەکی بەلەد لە شاری جەددە، دوای کۆبوونەوەی کۆمەڵێک لە بیانیەکان لە گۆڕستانەکەدا، جیهادییەکان بۆمبەکەیان تەقاندۆتەوە بەهۆیەوە ژمارەیەکیان برینداربوون."

تەقینەوەکە لەمیانەی مەراسیمی ساڵیادی کۆتای هاتنی جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوویدا کە باڵیۆزە بیانییەکانی شاری جەددە بەشدارییان تێدا کرد و ژمارەیەک برینداربوون. ئەمەش دووەمین ڕووداوی ئەمنیە لە ماوەی دوو هەفتەدا لە شارەکەدا ڕووبدات، هەروەها یەکەمین تەقینەوەشە بیانییەکانی ناو سعودیە بکاتە ئامانج.

لە 18 ی مانگی 10دا وتەبێژی ڕێکخراوی داعش داوای لە لایەنگرانی ڕێكخراوەکە کرد بیانییەکان و هێڵەکانی بۆری نەوت و ژێرخانی ئابووری سعودیە بکەنە ئامانج.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو تەقەیان لە باڵیۆزخانەی سعودیە کرد لە هۆڵەندا بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

لە کۆتای مانگی ڕابردوودا پۆلیسی سعودیە کەسێکیان دەستگیرکرد کە بە چەقۆ هێرشی کردە سەر پاسەوانێک لەبەردەم کونسوڵخانەی فەڕەنسادا لە جەددە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG