پـۆلیسی ئیتالیا ڕایگەیاند دەستیگرتووە بەسەر 14 تۆن ئامفیتامین کە ماددەیەکە وەکو هۆشبەر بەکاردەهێنرێت، دەڵێن داعش لە سوریا دروستیکردبوو.
کۆلۆنێل دۆمێنیکۆ ناپـۆلیتانۆ سەرۆکی پـۆلیسی بەشی دارایی لە ناپـۆلی ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی ئەو 14 تۆنە کرابوو بە 84 ملیۆن دەنک، ئەمەش گەرەترین بڕی ماددەی ئامفیتامینە کە لەسەر ئاستی جیهان پـۆلیس دەستی بەسەردابگرێت.
پـۆلیسی ئیتالیا دەڵێت لە بەندەری سالیرنۆی باشوری ناپـۆلی دەستی بەسەرداگیراوە و بەهاکەی نزیکەی یەک ملیار یورۆیە.
لێکۆڵەرەوان دەڵێن دەنکەکان وشەی captagon ی لەسەر نووسراوە کە جۆرە دەرمانێکە دەچێتە خانەی ماددە هۆشبەرەکانەوە و زۆر جار چەکدارانی داعش لە کاتی شەڕەکاندا بەکاریان دەهێنا.
پـۆلیس لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی گوتی زانیاریـیان هەیە داعش پارە بۆ کارە تێرۆرستیـیەکان دابیندەکات بە تایبەتی بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر کە لە سوریا دروستدەکرێت، بۆیە داعش لە ساڵانی ڕابردوو بوو بە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەم ماددەیە لەسەر ئاستی جیهان.