Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی ئیتالیا: هیچ لایەنێک نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت


هەرچەندە بەشێکی بەرچاو لە ئیتالیـیەکان لە دەنگدانە پەرلەمانیـیەکەی ڕۆژی یەکشەممە دەنگیان دا بە هاوپەیمانێتی ڕاستڕەو، بەڵام بەو ئاستە نیـیە کە بتوانێت بە تەنیا حکومەتی نوێ پـێکبهێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە لە پاش دەرکەوتنی بەشێکی ئەنجامەکان لە نزیکەی 90% ی بنکەکانی دەنگدان، هاوپەیمانێتی ڕاستڕەو کە چوار پارتی لە خۆ گرتووە، لەوانە فۆرزا ئیتالیا بە سەرۆکایەتی سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی و لێگا نۆرد بە سەرۆکایەتی ماتیۆ سالڤینی، 37% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

ئەوەی جێی سەرنجە پارتەکەی سالڤینی 18% ی دەنگەکانی بردووەتەوە، بەڵام پارتەکەی بێرلوسکۆنی 14% ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بزوتنەوەی 5 ئەستێرەش بە سەرۆکایەتی لویجی دی مایۆ کە ڕکابەری ڕاستڕەو و چەپڕەوەکانە، ئەویش نزیکەی 32% ی دەنگەکانی هێناوە.

بەهۆی ئاڵۆزی شێوازی سیستمی هەڵبژاردنی نوێ، هێشتا زووە بزانرێت کورسیـیەکانی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران (630 کورسی) و سینات (315 کورسی) چۆن دابەش دەبن، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا ڕوونە هیچ کام لایەک نەیتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنێت.

پاش یەکلابوونەوەی کورسیـیەکان، پـێویستە لایەنە براوەکان لە نێو خۆیاندا ڕێکبکەون بە شێوەیەک کە بتوانن دەنگی 316 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن تاوەکو حکومەتەکەیان پەسەندبکرێت.

XS
SM
MD
LG