Accessibility links

ئیتاڵیا دەست بەسەر موڵکی دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی ڕووسیدا دەگرێت


ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی وتی ئیتاڵیا دەستی بەسەر باڵەخانەیەکدا گرتووە لە دورگەی ساردینیای سەر دەریای ناوەند کە نرخەکەی دەگاتە 150 ملیۆن یۆرۆ و موڵکی خاوەن کارێێکی ڕووسییە بەناوی ئالێکسێی مۆرداشۆڤەوە.

ئەم دەستبەسەراگرتنە لەلایەن ئیتاڵیاوە بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ڕۆژئاوا بۆ سزدانی ئەو دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندانەی ڕووسیا کە پەیوەندییان بە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمر پوتنەوە هەیە، ئەمانەش بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا.

ئەمە دووەمین جارە لەم مانگەدا موڵکێکی مۆرداشۆڤ لە ئیتاڵیا دەستی بەسەردابگیرێت کە ناوبانگی دەوڵەمەندترین کەسی هەیە لە ڕووسیادا. لە چواری مانگی سێدا پۆلیسی ئیتاڵیا دەستیان گرت بەسەر کەشتیەکی گرانبەهای مۆرداشۆڤدا کە نرخەکەی دەگەیشتە 65 ملیۆن یۆرۆ.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا پۆلیسی ئیتاڵیا دەستیگرتووە بەسەر ڤێلا و کەشتیە گرانبەهاکانی حەوت دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی ڕووسیادا، کە نرخەکانیان بە هەموویانەوە دەگاتە 780 ملیۆن یۆرۆ. ئەو حەوت دەوڵەمەندەی ڕووسیا لەو لیستەدا بوون کە یەکێتی ئەوروپا بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سزای بەسەردا سەپاندوون.

تاوەکو ئێستا گرانترین کەشتی گرانبەها کە دەستی بەسەرداگیرابێت کەشتیەکەی ئاندرێی ئیگۆرڤیچە کە نرخەکەی دەگاتە 530 ملیۆن یۆرۆ و ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە بەندەری باکووری ترێستێی ئیتاڵیا دەستی بەسەرداگیرا.

ئەو ڕووسییانەی دیکە کە تاوەکو ئێستا لە ئیتاڵیا کراونەتە ئامانج بریتین لە ئالیشە ئوسمانۆڤ و ڤلادیمیر سۆلۆڤیێڤ و گینادی تیچینکۆ و ئۆلیگ ساڤچینکۆ و پیتر ئاڤین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG