Accessibility links

ئیتاڵیا ژمارەی سەربازەکانی لە نەیجەر کەم دەکاتەوە


حکومەتی ئیتاڵیا ڕایگەیاند ژمارەی سەربازەکانی لە نەیجەر کەم دەکاتەوە تاوەکو لە بنکە سەربازییەکەیدا شوێنێک بکاتەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێویستییان بە پاراستنە لە دۆخی لاوازی ئاسایشی وڵاتەکەدا.

کۆمەڵەی وڵاتانی ئابووری ڕۆژئاوای ئەفریقا هەڕەشەی دەستوەردانێکی سەربازییان کردووە لە نەیجەردا، ئەگەر هاتوو ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر لەو وادەیەی کە بۆیان دیاریکراوە پاشگەز نەبنەوە لە کودەتا سەربازییەکەیان و دەسەڵات بۆ سەرۆکی هەڵبژێردراوی نەیجەر محەمەد بازوم نەگەڕێننەوە.

وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا لە بەیاننامەیەکدا وتی فڕۆکەیەکی سەربازیی لە نیامی پایتەختی نەیجەرەوە بەڕێکەوتووە و درەنگانێکی ڕۆژی شەممە گەیشتۆتە ڕۆما و 65 سەربازیی ئیتاڵیا و 10 سەربازیی ئەمەریکای هێناوەتەوە.

گواستنەوەکە بەمەبەستی زیادکردنی " سەربەخۆییەکی زیاتری لۆجیستیکی " بنکە سەربازییەکەی ئیتاڵیا بووە، " توانای بنکەکەی بۆ لە خۆگرتنی خەڵکی زیاتر " زیاد کردووە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر پێویست بکات هاووڵاتیانی ئیتاڵی سڤیل لە بنکەکەدا نیشتەجێ بکات، یاخود لە حاڵەتی کتوپڕدا بیانگوازێتەوە.

وەزارەتەکە وتی لە ڕۆژانی داهاتوودا گەشتی گواستنەوەی زیاتر دەبێت، وتیشی لە ئیستادا 250 سەربازی ئیتاڵی لە نەیجەر دەمێننەوە، ئەرکەکانییان بریتین لە پێدانی مەشق و ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییەکان.

هەفتەی ڕابردوو ئیتاڵیا 36 هاووڵاتی ئیتاڵی و چەندین هاووڵاتی دیکەی وڵاتانی تری لە نیامییەوە گواستەوە، نزیکەی 40 هاووڵاتی ئیتاڵی لە نەیجەر ماونەتەوە کە زۆربەیان کارمەندانی ڕێکخراوە ناحکومییەکانن.

ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ئەمەریکا و فەڕەنسادا هێزییان لە نەیجەر هەیە، نەیجەر یەکێک بووە لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا دژی گروپە چەکدارییە ئیسلامییەکان لە ناوچەی ساحیلی ڕۆژئاوای ئەفریقادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG