Accessibility links

پۆلیسی ئیتاڵیا داواکراوترین سەرۆکی مافیا لە سیسیلی دەستگیر دەکات


پۆلیسی ئیتاڵیا ڕایگەیاند ماتێیۆ مێسینا دینارۆیان دەستگیرکردووە، کە داواکراوترین سەرۆکی مافیایە لە ئیتاڵیادا و ماوەی 30 ساڵە هەوڵی ئەوە دەدرێت دەستگیر بکرێت. لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری پالێرمۆی پایتەختی سیسیلی دەستگیرکراوە، کە لەوێ چارەسەری وەرگرتووە.

پۆلیس دەڵێت مێسینا دینارۆ سەرۆکی مافیای کۆزا نۆسترای سیسیلییە.

لە ساڵی 1992 دا دادگایەکی ئیتاڵیا سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی کوشتنی جیۆڤانی فالکۆنی و پاولۆ بۆرسیلینۆ کە هەردووکیان لێکۆڵەر بوون و دژی مافیاکان کارییان کردووە. بەڵام فەرمانەکەی دادگا لە نەبوونی مێسینا دینارۆدا بوو و چونکە لەو کاتەدا دەستگیر نەکرابوو.

هەروەها سزایەکی زیندانیکردنی کەمیشی بەسەردا سەپێندراوە بەهۆی ئەنجامدانی تەقینەوەوە لە فلۆرێنس و ڕۆما و میلان کە لە ساڵی 1993 دا بووە هۆی کوژرانی 10 کەس.

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی ستایشی دەستگیرکردنەکەی کرد و وەکو " سەرکەوتنێکی مەزن بۆ وڵاتەکە " ناویبرد کە " هەرگیز بە ڕووی مافیاکاندا کۆڵ نادات."

لە مانگی نۆی ساڵی 2022 دا پۆلیس وتی مێسینا دینارۆ هێشتا لە توانایدا ماوە فەرمان دەربکات لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی کارەکانی مافیاکە لە ناوچەکانی دەوروبەری ڕۆژئاوای شاری سیسیلیدا لە تراپانی، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە دیار نەماوە.

مێسینا دینارۆ کە خەڵکی شارۆچکەی کاستیلبێترانۆی نزیک تراپانییە، لەلایەن لێکۆڵەرەوەکانەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵێک تاوانی کوشتن بە تەنها و بە هاوبەشی لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا تۆمەتبار کراوە.

لێکۆڵەرەوەکان دەڵێن لە ساڵی 1993 دا دینارۆ یارمەتیدەر بووە لە ڕێکخستنی ڕفاندنی کوڕێکی تەمەن 12 ساڵدا بە ناوی گوسێپی دی ماتێیۆوە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕازیکردنی باوکی ماتێیۆ تاوەکو بەڵگە دژی مافیاکە نەخاتە ڕوو. ماتێیۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ وەکو بارمتە مایەوە و دواتر خنکاندییان و لاشەکەیان بە ئەسید توانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG