Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا دەست لەکاردەکێشێتەوە


سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەستی سەرۆکی وڵاتەکە سێرجیۆ ماتەڕێلا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتەکەی ڕووخا.

ئۆفیسی ماتەڕێلا لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی وڵاتەکە " تێبینی " لە دەست لەکارکێشانەوەکە وەرگرتووە و داوای لە دراگی کردووە وەکو چاودێر بمێنێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە ماتەڕێلا دواتر چی دەکات. سەرچاوە سیاسییەکان لە ماوەی ڕابردوودا وتییان ڕەنگە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و داوای هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بکات لە مانگی 10 دا.

ماتەڕێلا بەنیازە دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکەکانی هەردوو ئەنجومەنەکەی پەرلەمانی وڵاتەکەدا کۆببێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە هاوپەیمانێتییەکەی دراگی پەکی کەوت، ئەوەش دوای ئەوەی سێ حیزبی هاوبەشی سەرەکی دراگی خۆیان بەدوورگرت لە دەنگدانێکی متمانە لێسەندنەوەدا لە پەرلەمان، دراگی داوای ئەو دەنگدانەی کردبوو تاوەکو کۆتایی بە دابەش بوونەکان بهێنێت و هاوپەیمانێتییەکەی نوێ بکاتەوە.

قەیرانە سیاسییەکەی ئیتاڵیا کۆتایی بە چەند مانگێک لە سەقامگیری سیاسیی هێنا لە ئیتاڵیادا، کە لەو ماوەیەدا دراگی ئابووری وڵاتەکەی بەرەوپێشەوە برد و یارمەتیدەر بوو لە وەڵامدانەوەی توندی ئەوروپادا بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

هەفتەی ڕابردوو دراگی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد، دوای ئەوەی یەکێک لە حزبە هاوبەشەکانی ' حزبی پێنج ئەستێرە ' شکستی هێنا لە پشتیوانیکردنی دراگیدا لە دەنگدانەکەی پەرلەماندا، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ گرانی خەرجی ژیان لە ئیتاڵیادا.

لەو کاتەدا ماتەڕێلا دەست لەکارکێشانەوەکەی دراگی ڕەت کردەوە و پێی وت بچێتەوە بەردەم پەرلەمان تاوەکو بزانێت دەتوانێت هاوپەیمانێتییەکە بەڕێوە ببات تاوەکو کۆتایی ماوەی دەسەڵاتی یاسادانان کە لە سەرەتای ساڵی 2023 دا ماوەکە بەسەردەچێت.

لە وتارێکدا لەبەردەم ئەنجومەنی سیناتی ئیتاڵیادا، دراگی بەڵێنی یەکگرتووییدا و باسی لە کۆمەڵێک کێشە کرد کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە، لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە بۆ نایەکسانی کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی نرخەکان.

بەڵام حزبی پێنج ئەستێرە جارێکی دیکە بڕیاریدا پشتیوانی نەکات و وتی دراگی باسی لە کێشە سەرەکییەکان نەکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG