Accessibility links

عێراق بە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا دەڵێت هەوڵی پەیوەندییەکی نزیکتری ئابووری دەدات لەگەڵ ئیتاڵیادا


سەرۆک وەزیری عێراق موحەمەد شەیاع ئەل سودانی و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی

سەرۆک وەزیری عێراق بە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی وت کە لە ئێستادا سەردانی عێراق دەکات پەیوەندییەکی نزیکتری ئابووری لەگەڵ ئیتاڵیادا دەوێت.

میڵۆنی کە ڕابەرایەتی سێیەمین گەورەترین ئابووری ناوچەی ئەوروپا دەکات، لە یەکەمین گەشتی دەرەوەی ئەوروپادایە وەکو سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا. میڵۆنی سەردانی هێزەکانی ئیتاڵیاش دەکات لە عێراق.

سەرۆک وەزیری عێراق موحەمەد شەیاع ئەل سودانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا وتی " ئارەزووی خۆمان بۆ گەشەپێدان بە هاریکارییە ئابوورییەکانمان دەربڕی لە سەرجەم بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و ئاو و تەندروستیدا."

هەروەها " بانگهێشتی ئەو کۆمپانیا ئیتاڵیانەشی کرد کە تایبەتن لە بوارەکانی ژێرخان و بەدواداچوونی گازدا."

یەکێک لە کارە پێشینەکانی حکومەتی عێراق نەهێشتنی کاری پیسکەری سوتاندنی گازە، کە کاری یەکەمی دەرهێنانی نەوتە و یەکێکە لە هۆکارەکانی گەرمبوونی جیهانیش. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دەبێتەوە.

ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە کۆمپانیای نەوتی ئینی ئیتاڵی بەشدارە لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتدا لە عێراق. کۆمپانیاکە لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیدا دەڵێت بەشێک لە پڕۆگرامەکانی " بەکارهێنانی گازە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا."

کۆنتڕۆڵکردن و چارەسەرکردنی سوتاندنی گاز ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی کەمی کارەبا لە وڵاتەکەدا.

سودانی وتی عێراق ئامادەیە " لە ڕووی نەوت و گازەوە ئیتاڵیا هەرچییەکی پێویست بێت بۆی دابین بکات."

عێراق ڕۆژانە زیاتر لە 3.3 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت، بەمەش عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت " ئۆپیکدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG