دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی بڵاویکردەوە وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لویجی دی ماریۆ دەڵێت ئیتاڵیا 30 دیبلۆماتکاری ڕووسی دەرکردووە و هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو ترسە ئەمنیانەی هەیەتی.
ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا هەنگاوی هاوشێوەیان دژی ڕووسیا گرتۆتەبەر، ئەوەش بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.
ڕۆژی سێشەممە ئیتاڵیا بانگهێشتی باڵیۆزی ڕووسیای کردووە لە وڵاتەکە و پێی وتووە دیبلۆماتکارەکان دەردەکرێن.
دی ماریۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕێوشوێنەکە بە ڕێکەوتن بووە لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانماندا و پێویست بووە، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانمان لە ئاسایشی نیشتیمانیمان و هەروەها ئەو بارودۆخەی ئێستا کە بەهۆی دوژمنکارییەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیاوە دروست بووە."
دەزگای هەواڵی تاس لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤاوە بڵاویکردەوە ڕووسیا وەڵامێکی گونجاوی ئیتاڵیا دەداتەوە.
ڕۆیتەرز