Accessibility links

پوتن و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا تاوتوێی چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراک دەکەن


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی تاوتوێی کۆمەڵێک ڕێگەیان کرد بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا، کرێملنیش وتی ئەمە تەنها لەو کاتەدا دەبێت کە ڕۆژئاوا سزاکانی سەر ڕووسیا لاببات.

مۆسکۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڤلادیمیر پوتن جەختی لەوە کردۆتەوە کە فیدراسیۆنی ڕووسیا ئامادەیە یارمەتییەکی بەرچاو پێشکەش بکات بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی خۆراکدا، ئەوەش لەڕێی هەناردەکردنی گەنم و پەینەکانەوە، بەڵام دەبێت سزاکانی ڕۆژئاوا کە بە سیاسیی کراون لاببرێن."

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی پێنجشەممە دراگی وتی ئەو دەستپێشخەری کردووە و پەیوەندیی بە پوتنەوە کردووە.

دراگی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەستم کرد کە ئەوە ئەرکی خۆمە ئەم دەستپێشخەرییە بکەم، ئەوەش بەهۆی خراپیی قەیرانە مرۆییەکەوە کە ڕەنگە کاربکاتە سەر هەژارەکانی جیهان."

دراگی وتی پوتن پێی وتووە قەیرانی خۆراک هەڵەی سزاکانە.

دراگی وتی " من گرنگی بە پرسێکی بچووکتر دەدەم، ئەوەش ئەوەیە هەوڵ بدرێت بزانرێت ئایا دەتوانین ئەو بڕە زۆرەی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشەوە هەناردە بکەین یاخود نا."

وتیشی سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زیلێنسکیشدا قسە دەکات.

گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش لەلایەن ڕووسیاوە ڕێگەی گرتووە لە هەناردەکردنی گەنم، هەردوو وڵاتەکە بڕێکی زۆر گەنم بۆ جیهان دەنێرن.
جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەکانی گەنم و زەیت و سوتەمەنی و پەین لە جیهاندا.

لە هەواڵێکی جیادا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی کەشتییە مەدەنییەکان ئێستا دەتوانن بە پارێزراوی دەریای ئازۆڤی شاری ماریوپۆڵ بەکاربهێنن. ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەربازانی ئۆکرانیا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵ خۆیان دا بە دەستەوە و شارەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیاوە.

وتیشی لە ئێستادا مەترسیی مینەکان لە دەوروبەری بەندەری ماریوپۆڵ نەماون.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئەوەشی خستەڕوو ئێستا شەش کەشتی باری بیانی لە بەندەرەکەدا ئازادن بڕۆن. وتی کەشتییەکان سەر بە بولگاریا و دۆمێنیکا و لایبیریا و پەنەما و تورکیا و جامایکان، هەروەها داوای لە حکومەتەکانی ئەو وڵاتانەش کرد خاوەنی کەشتییەکان بنێرن و کەشتییەکان لاببەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG