Accessibility links

ئیتاڵیا ڕازی دەبێت بە گواستنەوەی گومانلێکراوێکی ڕووسی بۆ ئەمەریکا


Italian flag
Italian flag

دادگایەکی ئیتاڵی ڕازیبوو لەسەر ڕادەستکردنی هاوڵاتییەکی ڕووسی بە ئەمەریکا کە بە تۆمەتی گواستنەوەی نەوت لە ڤەنزوێلاوە و پێشێلکردنی سزاکانی سەر ڤەنزوێلا تۆمەتبار کراوە.

دادگای پێداچوونەوەی میلان لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕازیبووە بە ڕادەستکردنی ئارتیم ئوس، ئەمەریکا چوار تۆمەتی ئاڕاستەی ئوس کردووە، دادگاکە وتی تەنها لەسەر دوو تۆمەت ڕادەستی ئەمەریکای دەکات.

مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو ئوس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی میلان دەستگیرکرا و ئێستا لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکراوە، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون بریتین لە پێشێلکردنی سزایەکی سەر ڤەنزوێلا و ساختەکاری لە بانکدا. دادوەرە ئیتاڵییەکان ڕازیبوون بۆ گواستنەوەی ئوس بۆ ئەمەریکا.

بەڵام دادگا ئیتاڵییەکە ڕەتی کردەوە ئوس بە تۆمەتەکانی گواستنەوەی تەکنەلۆجیای سەربازیی بە قاچاخ لە ئەمەریکاوە بۆ ڕووسیا و پارە سپیکردنەوەوە ڕادەستی ئەمەریکا بکات.

دادوەرەکان وتیان ڕەتییان کردۆتەوە بەپێی ئەو دوو تۆمەتە ئوس ڕادەستی ئەمەریکا بکەن، وتیان بەڵگەی تەواو نیە لەسەر تۆمەتەکان.

ساڵی ڕابردوو لێکۆڵەرەوانی ئەمەریکا ئوس و چوار هاوڵاتی دیکەی ڕووسییان بە تۆمەتی گواستنەوەی تەکنەلۆجیای سەربازیی ئەمەریکی بۆ کڕیارە ڕووسییەکان تۆمەتبار کرد، هەندێک لەو تەکنەلۆجیایانە ئێستا لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا بەکاردەهێندرێن.

لێکۆڵەرەوە ئەمەریکییەکان وتیان ئوس و چوار کەسەکەی دیکە کۆمپانیایەکی ئەڵمانییان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆجیا سەربازییەکان و نەوتی ڤەنزوێلا بۆ کڕیارە ڕووسییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG