Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە


سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جۆزێپێ کۆنتی و وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا ماتیۆ سالڤینی
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جۆزێپێ کۆنتی و وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا ماتیۆ سالڤینی

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جۆزێپی کۆنتی دەستی لەکارەکەی کێشایەوە دوای ئەوەی ڕەخنەی توندی لە وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا ماتیۆ سالڤینی گرت و بە تۆمەتی نقومکردنی حکومەت تۆمەتباری کرد و وتی لەپێناو دەستکەوتی خۆی و سیاسییەوە ئابووری وڵاتەکەی خستۆتە مەترسییەوە.

جۆزێپی کۆنتی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئیتاڵیادا ڕایگەیاند دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە و ڕەخنەی توندی لە وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا ماتیۆ سالڤینی گرت.

لە هەشتی مانگی هەشتدا کۆنتی کۆتایی هاوپەیمانێتی حیزبەکەی لەگەڵ پارتی پێنج ئەستێرەدا ڕاگەیاند و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد.

کۆنتی وتی " وەزیری ناوخۆ دەریخستووە کە هەوڵی بەرژەوەندییەکانی خۆی و حیزبەکەی دەدات. بڕیارەکانی مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر وڵاتەکە." ئەمەش لەکاتێکدا سالڤینی لە تەنیشتیەوە دانیشتبوو.

کۆنتی وتیشی ئەو بڕیارانەی سالڤینی دەیدات سەرکێشین و " لەوانەیە وڵاتەکە بەرەو سەرلێشێوانی سیاسیی و ناسەقامگیری ئابووری بەرێت."

وتیشی هەستی بە نیگەرانییەکی زۆر کردووە کاتێک سالڤینی هەڕەشەی کردووە و وتوویەتی ئەگەر بەربەست دابنرێت لەبەردەم هەوڵەکانیدا بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکان ئەوا داوا لە خەڵک دەکات بڕژێنە گۆڕەپانەکانی سەرتاسەری وڵاتەکە و هەروەها داوای کردووە " دەسەڵاتی ڕەهای پێ بدرێت."

وتیشی " پێویستمان بە کەسانێک نیە دەسەڵاتی ڕەهایان هەبێت، بەڵکو پێویستمان بە کەسانێکە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن."

لە کۆتای دانیشتنەکەدا کۆنتی نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان سێرجیۆ ماتارێلا کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG