Accessibility links

دوایـین ڕاگەیاندنی فەرمی تورکیا: 41 کوژراو و 239 بریندار قوربانی تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بوون


بەپـێی دوایـین ئاماری فەرمی تورکیا ژمارەی قوربانیانی هێرشە خۆکوژیـیەکانی دوێنێ شەوی سێشەممەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک لە ئستەنبوڵ 41 کەس کوژراون و 239 کەسی دیکە برینداربوون.

ئۆفیسی واسب شاهین فەرمانڕەوای ئستەنبوڵ ئەمڕۆ چوارشەممە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە دەرکرد و تیایدا نووسیویەتی لەو 41 کەسەی گیانیان لەدەسـتداوە 13 کەسیان ڕەگەزنامەی بیانیـیان هەبووە، لەوانە سیانیان خاوەنی ڕەگەزنامەی تورکیش بوون.

سەبارەت بە بریندارەکانیش لە کۆی 239 کەسەکە 109 کەسیان لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و 130 کەسەکەی دیکەیان بەهۆی قورسی برینەکانیانەوە هێشـتا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

کاربەدەسـتێـکی تورک بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت 5 لە کوژراوە بیانیـیەکان خەڵکی عەرەبسـتانی سعودیـیە بوون لەگەڵ 2 کەسی دیکەیان عێراقی، 1 ئێرانی، 1 ئۆکرانی، 1 ئوردنی، 1 تونسی، 1 ئۆزبەکی، 1 چینی.

بەڵام لە لایەکی دیکە عادل مرداد باڵیۆزی عەرەبسـتانی سعودیـیە بۆ تورکیا لە لێدوانێـکیدا بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی وڵاتەکەی گوتی 6 هاوڵاتی سعودی لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەسـتداوە و 27 ی دیکە برینداربوون.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێـک بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە کە سێ کەسی خۆکوژ ئەنجامیان دابوو. بەڵام کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن بەپـێی ئەو بەڵگانەی لە بەردەسـتیاندایە پـێدەچێت داعش لە پشت هێرشەکەوە بووبێت.

XS
SM
MD
LG