بەرپرسان دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە کۆمەڵێک هێرشبەر دەستییان بەسەر تانکەرێکی سەر بە ئیسڕائیلدا گرتووە لە کەناری عەدەنی یەمەن، تاوەکو ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە هەروەها لە کاتێکدایە کە لانیکەم دوو هێرشی دیکەی دەریایی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕوویانداوە کە پەیوەستن بە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە.
کۆمپانیای تایبەتی هەواڵگری ئامبری وتی هێرشبەرەکان دەستییان گرتووە بەسەر کەشتی سێنتڕاڵ پارکدا، کە لەلایەن زۆدیاک ماریتایمەوە بەڕێوەدەبرێت. بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە هەمان شێوە هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە.
زۆدیاک وتی هێرشەکە " ڕووداوێکی گوماناوی چەتەی دەریایی " بووە.
وتی " ئەرکی سەرەکیمان پارێزراویی 22 کارمەندەکەمانە لەسەر کەشتییەکە. کەشتییەکە کە کاپتنەکەی تورکە، کارمەندی نێونەتەوەیی تێدایە و کارمەندەکانی خەڵکی ڕووسیا و ڤیێتنام و بولگاریا و هیندستان و جیۆرجیا و فیلیپینۆن. کەشتییەکە باری ئەسیدی فۆسفۆڕی پێیە."
زۆدیاک وتی خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای کلومڤیز شیپینگە، بەڵام تۆمارەکانی دیکە ڕاستەوخۆ دەیبەستنەوە بە زۆدیاکەوە وەکو خاوەنی کەشتییەکە. زۆدیاک ماریتایم بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و بەشێکە لە گروپی زۆدیاکی ملیاردێری ئیسڕائیلی ئیال ئۆفەر.
تاوەکو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کێ هێرشەکەی ئەنجام داوە. عەدەن لەلایەن حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن و هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دژی حوسییەکانی یەمەن شەڕییان کرد. ئەو بەشەی کەنداوی عەدەن لەلایەن ئەو هێزانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و ناوچەکەش دوورە لەو ناوچانەوە کە لە ژێر دەستی حوسییەکاندان. ئەوەش زاندراوە کە چەتە دەریاییەکانی سۆماڵیش لەو ناوچەیەدا چالاکن.
بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی وادەردەکەوێت " ژمارەیەکی نەزاندراو لە چەکداری نەناسراو " دەستییان بەسەر کەشتییەکەدا گرتبێت.
وتیشی " ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە دەوروبەری ئەو ناوچەیەدان و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن."
ئامبری وتی وادەردەکەوێت " هێزی دەریایی ئەمەریکا ئاگاداری دۆخەکەن و داوایان لە کەشتییەکان کردووە خۆیان بە دوور بگرن لە ناوچەکە."
سەرچاوە/ AP